قوتابییەکی کورد لە ئیتالیا لە توێژینەوەیەکدا بەرهەمهێنانی ئالیکی جێگرەوە بۆ ماسی پێشنیاز دەکات

وێنەی ساتی گفتوگۆکردن لەسەر نامەی ماستەرەکەی فەرزەند فەرهاد
وێنەی ساتی گفتوگۆکردن لەسەر نامەی ماستەرەکەی فەرزەند فەرهاد

K24 – هەولێر:

قوتابییەکی کورد لە ئیتاڵیا وەک یەکەم توێژەر لەسەر ئاستی جیهان توێژینەوەیەکی جیاواز لەسەر بەرهەمهێنانی جۆرە ئالیکێکی ماسی ئەنجامدەدات کە دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ماسی و گەشەکردنی ماسی بەشێوەیەکی خێراتر بە تێچوویەکی کەمتر بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەرووی تەندروستییەوە هەبێت.

فەرزەند فەرهاد حامد، کە یەکێکە لە سێ یەکەمەکانی بەشی سامانی ماسی و گیانەوەرە ئاوییەکان لە کۆلیژی ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین و دەرچووی ساڵی 2020ـە و دانیشتووی شاری هەولێرە، پێش چەند رۆژێک لە زانکۆی ئینسوبیریا لە ئیتاڵیا بڕوانامەی ماستەری بە پلەی زۆرباشە لە پسپۆڕی بایۆتەکنەلۆژیای ئاوی بەدەستهێنا.

ئەو قوتابییە کوردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، تێزی ماستەرنامەکەی لە بواری لێکۆڵینەوەیە لە دۆزینەوەی جێگرەوەی بەردەوام بۆ خۆراکی ماسی (فیش مەیڵ) بە سەرچاوەی پڕۆتینی جیاواز، کە بۆ یەکەم جارە ئەم توێژینەوەیر ئەنجامبدرێت بە بەکارهێنانی فیدنێتیکس بۆ بەراورد کردن و دەستنیشانکردنی باشترین و کاریگەرتیرن ئالیکی ماسی کە کاریگەری لەسەر گەشەی خێرای ماسی هەبێت وە ئەنجامەکانی بخرێتەڕوو لەسەر ئاستی کوردستان، ئەوروپا و جیهان.

فەرزەند فەرهاد گوتیشی، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئالیکی ماسی لە بازاڕەکانی جیهان و کوردستان، پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی ماسی بەدوای جێگرەوەی ئەو ئالیکەدا دەگەڕێن کە ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە و لە پرۆژەکانی پەروەردەکردنی ماسیدا بەکاردەهێندرێت، کە ئێستا تۆنێک ئالیکی ماسی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە 700 دۆلار، ئەمەش کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی ماسی و کەمبوونی بەرهەمهێنانی دروستکردووە، بۆیە لە توێژینەوەکەیدا کاری لەسەر دۆزینەوەی ئەو جێگرەوەیە کردووە بۆ ئەوەی بە تێچوویەکی کەمتر لە سەرچاوەی جیاواز ئالیکی ماسی بەرهەمبهێنن.

ئەو قوتابییە کوردە باسی لەوەشکرد، فیدنێتیکس کە سمارت وێب سۆفتوێر ئەپلیکەیشنێکە بۆ دەستنیشانکردن و بەراوردکردنی باشترین جۆر و پێکهاتەی ئالیکی ماسی کە باشترین کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەی ماسی، لەلایەن کۆمپانیای SPASROSـی پورتوگالی دروستکراوە.

لەبارەی جۆری ئەو سەرچاوانەی لە بەرهەمهێنانی ئەو ئالیکەی بۆ خۆراکی ماسی توێژینەوەیان لەسەر کردووە، فەرزەند فەرهاد گوتی، دەستکارییان لە پێکهاتەی ئەو ئالیکەی لە بازاڕدا هەیە کردووە بەشێوەیەکی رێژەیی کە دەتوانن ناوی لێبنێن، "ئالیکی نیوە گۆڕدراو"، کە لە پێکهاتەکەیدا سەرچاوەی پڕۆتین دیکە وەك پارچە بەکارنەهاتووەکانی مریشک وەك (پێ، سەر و ریخۆڵەکانی مریشک لەگەڵ مێروو لە جۆری بلاك سۆڵجەر فڵای (black soldier fly) کە وەك نموونە بەکاری هێناوە لە توێژینەوەکەیدا و دەرئەنجامەکانی زۆر باش بووە بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بۆ سەر ماسییەکان و بەرهەمی گۆشتەکەی بۆ بەکارهێنان دروستبکات.

هەروەها فەرزەند فەرهاد ئاماژەی بەوەشکرد، توێژینەوەکەی لەسەر ئەو ماسییانەیە کە لەژێر چاودێریدا بۆ بەرهەمهێنان لە پرۆژەکاندا پەروەردە دەکرێن، لەسەر چەند جۆرێکی ماسی تاقیکردووەتەوە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی ماسی پەروەردە دەکرێن بۆیە لە داهاتوودا پلانی هەیە لە هەرێمی کوردستانیش سوود لە ئەنجامی توێژینەوەکەی وەربگرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمی سامانی ماسی.

سەبارەت بە جۆری ئەو ماسییانەی کە کاری لەسەر کردووە، ئەو قوتابییە کوردە باسی لەوەکرد لەسەر جۆری ماسی "رەینبۆو تراوت" کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کاری کردووە لەگەڵ ماسییەکان لە جۆری تیلاپیا و ئەتلانتیک سەلەمون.

0
0