رێکخراوێکی ناحکومی: لە سنوورەکانی ئەمەریکا بە بەردەوام مافەکانی مرۆڤ پێشێڵ دەکرێت

سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک
سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن دوو رێکخراوی ناحکومییەوە بڵاوکرایەوە دەڵێت: پۆلیسی سنووری ئەمەریکا لە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆچبەران لەسەر سنووری مەکسیک، بەردەوام مافەکانی مرۆڤیان پێشێڵ کردووە.

راپۆرتەکە لەلایەن نوسینگەی واشنتن بۆ ئەمەریکای لاتین دەرچووە، و ئاماژە بەو مردنانە دەکات کە لە زینداندان لەژێر بارودۆخێکی نادیاردا، وەک بەکارهێنانی زمانێکی خراپ، بێبەشبوونی خۆراک و جیاکردنەوەی خێزانەکان لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "سی بی پی، گەورەترین دەزگای جێبەجێکردنی یاسای مەدەنی لە حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی بەردەوامی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەبێ سزادان".

لە ساڵی 2020 ەوە، هەردوو ئاژانسەکە 13 حاڵەتی مردنیان هەژمارکردووە کە تیایدا ئەفسەرانی پۆلیسی سنوور هێزیان بەکارهێناوە، لەژێر بارودۆخێکدا کە روون نییە کە ئایا رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە یان نەیانتوانیوە رێگری لە مردنی کەسێک بکەن کە دەستگیرکراوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە باس لە چارەسەرکردنی سکاڵا فەرمییەکان دەکات بۆ سی بی پی ، دەستپێشخەری سنووری کینۆ 78 سکاڵای تۆمارکردووە لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022.

ئادام ئیساکسۆن، کە هاوبەشی راپۆرتەکەیە گوتی: "ئێمە نموونەیەکی شۆککەرمان تۆمارکردووە، لەوانە حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردن، هەڕەشەکردن، هەراسانکردنی سێکسی و ساختەکردنی بەڵگەنامەکان.

زۆربەی پێشێلکارییەکانیش کاتێک ڕوودەدات کە کۆچبەران لە زینداندان، ئەمەش دوای ئەوەی خۆیان ڕادەست دەکەن یان دەسەڵاتداران رێگرییان لێ دەکەن.

ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە دەگەنە ئەمەریکا پێویستە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لە دامەزراوەکانی سی بی پی، بەند بکرێن تا کەیسەکانیان چارەسەر دەکرێن، بەڵام لە کرداردا، بەگوێرەی رێکخراوە ناحکومییەکان، هەندێکیان بۆ ماوەی هەفتەیەک یان زیاتر دەمێننەوە لە بارودۆخێکدا کە بە نا تەندروستی وەسفی دەکەن.