داهاتی گەشتیاری تورکیا لە شەش مانگدا 21.7 ملیار دۆلار بووە

شاری ئیستانبوڵ
شاری ئیستانبوڵ

K24 – هەولێر:

كه‌رتی گەشتیاری تورکیا راکێشەری دراوی قورس وڵاتانە بە تایبەت دۆلار و یۆڕۆ و پاوەند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 21.7 ملیار دۆلاری داهاتی کەرتی گەشتیاری تورکیا بووە.

بەگوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 22 ملیۆن و 945 هەزار گەشتیار لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی تورکیایان کردووە، ئەمەش بە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو بەرێژەی 17.5% زیادی کردووە و خەرجی ئەم گەشتیارانەش 21.7 ملیار دۆلار بووە واتە خەرجی گەشتیاران بەبەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022، 27% زیادی کردووە.

هاوکات وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم بارەیەوە دەڵێت خەرجی رۆژانەی گەشتیاران لە 62 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار بەرزکراوەتەوە بەڵام ئامانجیان بەرزکردنەوەی خەرجییەکانە بۆ 110 دۆلاری رۆژانە.

بەگوێرەی ئامارەکان گەشتیارانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن و 314 هەزار رووسی، دوو ملیۆن و 270 هەزار ئەڵمانی، یەک ملیۆن و 489 هەزار بەریتانی، ملیۆنێک و 307 هەزار بولگاری و یەک ملیۆن ئێرانی بوونە ، هەروەها گەشتیارانی وڵاتانی عەرەبی بۆ تورکیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 16% زیادیکردووە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک و 620 هەزار کەس لە 10 وڵاتی عەرەبییەوە سەردانی تورکیایان کردووە، کە خەرجی رۆژانەیان زیاتر لە 162 ملیۆن دۆلار بووە و  لە نێویاندا گەشتیارانی عێراق لە پلەی یەکەمدا دێن بە 470 هەزار گەشتیار کە خەرجی رۆژانەیان 47 ملیۆن دۆلار بووە، وڵاتی سعودیەش بە 286 هەزار گەشتیار لە ریزبەندی دووەمدایە و بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو رێژەی چوونی گەشتیارانی سعودی بۆ تورکیا 134% زیادی کردووە، وڵاتی تونسیش بە 74 هەزار گەشتیار لە کۆتایی ریزبەندەکەدایە.

ئەمەش وەک شارەزایانی ئابووری باسی لیوە دەکەن لە بەرژەوەندی لیرەی تورکیدایە کە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا زیاتر لە 50%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و سەرەڕای دووجار بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکیش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نەتوانراوە رێگە لە داکەوتنی بەردەوامی بگیرێت.