ئاکرێ.. داوای پاراستنی پیشە کۆنەکان دەکرێت
K24 – ئاکرێ:
بەهۆی بەرەوپێشچونی تەکنەلۆجیا و هاوردەکردنی کەلوپەلی ئامادەکراو لە وڵاتانی دەرەوە، ساڵ لە دوای ساڵ هاووڵاتییان پیشە کۆنەکانی باب و باپیرانیان لەدەست دەدەن، کەلەپوورناسێکیش نەمانی پیشە کۆنەکان بە لە دەستدانی ناسنامەی گەل لە قەڵەم دەدات و داواکاریشە پارێزگاری لە هێشتنەوەی پیشە کۆنەکان بکرێت.
تەحسین محەممەد، 45 ساڵە کاری دارتاشی دەکات و تا ئێستاش بەردەامە لەسەر پیشە کۆنەکەی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕاستی پیشەی باب و باپیران هەموو لەناوچوو، بەهۆکاری ئەو کەلوپەلانەی کە هاوردە دەکرێن، هەروەها هاووڵاتییان مەیلی خۆیان داوەتە کەل و پەلی ئامادەکراو بەهۆی ئەوەی ئەو کەلوپەلانە کەمێک روکەشیان جوانە بەڵام لە راستیدا بە کوالیتیەکی زۆر خراپ دروستکراون و تەمەنیان زۆر درێژ نییە.
لەلایەن خۆیەوە رەمەزان خەیات، کەلەپوورناس، گوتی: پیشە کۆنەکانی ئێمە لە سەردەمی خۆی لەسەر ئەساسێک بوو کە نەگۆڕ بوو، هەر خاوەن پیشەیەک چ پیشەیەکی هەبووایە هەر لەسەر ئەو پیشەیە بەردەوام دەبوو، بەڵام لەو سەردەمەی ئێستادا ئەو ئەساسە نەماوە لەسەر پیشە کۆنەکان و خەڵک پیشەکانیان زوو زوو دەگۆڕن.
گوتیشی: لەدەستدانی پیشە کۆنەکان، لەدەستدانی ناسنامی میللەتە، بۆیە داواکارین پارێزگاری لە پیشە کۆنەکانی باب و باپیرانمان بکرێت.