هێمن عه‌بدوڵڵا: حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ هیچ حزبێك هه‌ڵبژاردن تێك بدات

هێمن عه‌بدوڵڵا، سه‌رپه‌رشتیاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان
هێمن عه‌بدوڵڵا، سه‌رپه‌رشتیاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

سه‌رپه‌رشتیاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ هیچ حزبێك هه‌ڵبژاردن تێك بدات، هاوكات ده‌شڵێت، كورد هێشتا پێویستی به‌ یارمه‌تی دۆستان و ئازادیخوازان هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 4ـی ئابی 2023) هێمن عه‌بدوڵڵا، سه‌رپه‌رشتیاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستن24 رایگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان پاڵپشتی له‌و واده‌یه‌ بكه‌ن كه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا كه‌ هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكاندا زاڵ بوو، ئه‌و كات پرۆسه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دووره‌ده‌ست ده‌بێت و دواده‌خرێت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ هیچ حزبێك هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان تێك بدات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حزبی سۆسیال دیموكرات به‌ پێویستی ده‌زانێت هه‌مووان شان بده‌نه‌ به‌ر پڕۆسه‌كه‌ و ئه‌نجامدانی له‌ واده‌ی دیاریكراودا.

سه‌رپه‌رشتیاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت پڕۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بدات به‌تایبه‌تی كه‌ چاوی دۆست و نه‌یارانی كوردستانی له‌سه‌ره‌، ده‌بێت هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ر ئه‌نجام بدرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ رووی گه‌ش و دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو دنیا نیشان ده‌دات، به‌تایبه‌ت لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی دۆستانی كورد ده‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنه‌گرن، كه‌ هێشتا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ده‌ستی هاوكاری دۆستان و ئازادیخوازان هه‌یه‌.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە.

لە درێژەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، کە دڵنیاییان وەرگرتووە کە ماوەی یاسایی کارکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەڵێنێک وەرگیراوە بەشێوەی یاسایی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هاوکات روونیکردەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدایە نەک کۆمیسیۆن، بۆیە دوای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنیش تەواوبێت کێشەیان نابێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد رۆژی (18ـی شوباتی 2024) یان رۆژێکی دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.