هێشتا ریاڵ مەدرید بێدەنگە؛ جارێکی دیکە ئێمباپێ پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

ئێمباپێ جارێکی دیکە پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە و ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نوێبکاتەوە.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان ئۆفەرێکی دیکەی پێشکەشی کیلیان ئێمباپێ کردووە بۆ ئەوەوی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستە نوێیەکەی ئێمباپێ دەتوانێت هاوینی 2024 لە یانەکە بڕوات، بەڵام هێرشبەرە فەرەنسییەکە جارێکی دیکە یانە فەرەنسییەکەی رەتکردەوە.

رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە رایگەیاندووە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان دڵنیان لەوەی ئێمباپێ تەنیا ریاڵ مەدریدی دەوێت و هەردوولا رێککەوتنی ژێربەژێریان کردووە، هاوینی داهاتوو ئێمباپێ بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندیی بە یانەکە بکات.

رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، ریاڵ مەدرید ئامادە نییە تاوەکو دوای رۆژی 15ـی ئەم مانگە هیچ ئۆفەرێک لەبارەی ئێمباپێ پێشکەشی پاریس بکات، دەیەوێت پاریس ناچار بکات بە ئۆفەرەکەی یانە ئیسپانییەکە رازی بێت و دەرفەتی ئەوەی نەبێت هەوڵ بۆ زیادکردنی نرخی کیلیان بدات، کە پاریس ئامادەیە لەم هاوینە دەستبەرداری ئێمباپێ بێت ئەگەر 200 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بکرێت.