وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق: بڕیاری بلۆککردنی تێلێگرام چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

لۆگۆی تێلێگرام
لۆگۆی تێلێگرام

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری بلۆککردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام لە عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەور. لەبارەی هۆکاری بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنەکەش دەڵێت، "بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە لەماوەی رابردوودا بووەتە هۆی دزەکردنی زانیاری هەستیار".

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، عومەر عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوێنێ یەکشەممەوە بڕیاری بلۆککردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام لە پارێزگاکانی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و "ئێستا هیچ هاووڵاتییەکی عێراق ناتوانێت تێلێگرام بەکاربهێنێت".

بە گوتەی عومەر عەبدولڕەزاق، بڕیاری بلۆککردنی تێلێگرام لە عێراق لەسەر داوای لایەنی باڵای حکومەتی عێراق بووە، چونکە وەکو خۆی گوتی، بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە بووەتە هۆی دزەکردنی زانیاری هەستیار و لەوبارەوە چەندین جار کۆمپانیاکەیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەپڵیکەیشنەکە لە هەرێمی کوردستانیش بلۆکدەکرێت یان نا؟  گوتەبێژی وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بلۆککردنی تێلێگرام لە پارێزگاکانی هەرێم بەدەست نەگەیشتووە".

سەبارەت بە بلۆککردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەکو (ڤایبەر، واتسئاپ، فەیسبووک و تویتەر.. هتد)، گوتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق باسی لەوە کرد، تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی تەنها داوایان لێ کراوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بلۆکبکرێت و دیار نییە لە داهاتوودا هیچ تۆڕێکی دیکەی کۆمەڵایەتی بلۆکدەکڕێت یان نا.

دوێنێ یەكشەمممە 7ـی ئابی 2023، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری بلۆککردنی ئەپڵیکەشینی تێلێگرامی لە وڵاتەکە ئاشکراکرد و رایگەیاند، بلۆککردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی دەسەڵاتی باڵا بووە و چەندین جار داوایان لە کۆمپانیای پەیوەندیدار کردووە کە هاوکار بن لە داخستنی ئەو پلاتفۆرمانەی کە داتای دامودەزگا فەرمییەکانی وڵات و داتای کەسیی هاووڵاتیان دزەپێدەکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دابوو، بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام لە عێراق، مەترسی جیددی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی کۆمەڵگە دروستکردووە، بۆیە بە پێویست زانراوە، ئەپڵیکەیشنەکە بلۆک بکرێت.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 2022 لە عێراق، 48 ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر بووە. لەم ژمارەیە 18 ملیۆن کەس بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، 16 ملیۆن تێلێگرام، 15 ملیۆن ئینستاگرام، 14 ملیۆن سناپچات و توێتەریش ملیۆنێک و 900 هەزار بەکارهێنەری هەبووە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2021، کە ژمارەی بەکارهێنەران نزیکەی 25 ملیۆن بەکارهێنەر بوو، لە سەدا  13.4% زیادیکردووە.

تێلێگرام تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕکردنی کورتەنامە و وێنە و ڤیدیۆیە. ساڵی 2013 دامەزرێندراوە و تا ساڵی 2022 زیاتر لە 600 ملیۆن بەکار‌هێنەری هەبووە و چاوەڕێدەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنەکە بگاتە سەرووی ملیارێک بەکارهێنەر. رۆژانە نزیکەی 16 ملیۆن نامە لە رێگەی تێلێگرامەوە ئاڵوگۆردەکرێن و هاوکات دەتوانرێت پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆییش لەڕێگەیەوە ئەنجام بدرێت.