خێزانێکی ئەمەریکی بەدوای ژیانێکی ئاسایی و دوور لە ئینتەرنێت دا دەگەڕان بەڵام بە کارەسات کۆتاییان پێهات

K24 - هەولێر

ژنێکی ئەمریکی لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەی و خوشکەکەی، دوای ئەوەی بڕیاریاندا لە جیهانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەنەوە، گەشتێکیان بەناو چیاکاندا کرد.

دوای گەشتەکەی ئەو خێزانە، تەرمی رێبێکا بێکی ڤانسی تەمەن 42 ساڵ و کوڕە تەمەن 14 ساڵەکەی و کریستینی خوشکەکەی کە تەمەن 41 ساڵبوو، لە دارستانی نیشتمانی گۆنیسۆن دۆزرانەوە.

ریبیکا بێکی کوڕ و خوشکەکەی رازی کرد، بە تەواوی لە تۆڕی ئینتەرنێت دووربکەونەوە و لەوناوچەیە بژین، هەروەها سەیری چەندین ڤیدیۆی یوتیوبیان کردووە کە فێری چۆنیەتی مانەوە لە کێودا ببن. بەڵام هەموو بینینەکانیان هیچ یارمەتی نەدان بۆ خۆپاراستن و گیانیان لەدەستدا.

تیمەکانی فریاگوزاری نەیانتوانیوە شوێنی ئەو خێزانە دیاری بکەن کە چۆن و کەی قوربانییەکان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەگەری زۆرە سیناریۆکانی گیان لەدەستدانیان بە پلەی گەرمی زۆر نزم و بەدخۆراکی بووبێت.

خوشکەکەی رێبێکا گوتی: "خوشکەکەی بڕیاری داوە کوڕەکەی لە کۆمەڵگایەک دوور بکاتەوە کە چیتر بە سەلامەتی نازانێت، بەتایبەتی دوای پەتای کۆرۆنا، بەداخەوە ئەو خۆی ئامادە نەکردووە بۆ ئەو شێوازە ژیانە کە دابڕاوبووە لە ژینگە کە هیچ رێگایەک نییە تاوەکو پەیوەندی بە خەڵکەوە بکات بۆ یارمەتیدان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارم خەڵک وانەیەک فێربن، دەتوانیت لە ماڵەکەتدا ئینتەرنێت و تەلەفۆن بکوژێنیتەوە و ئارام بیتەوە، پێویست ناکات بە هەمان شێوە ژیانت بخەیتە مەترسییەوە.