وردبینی لە داتای خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەستیان بە وردبینی لە داتاکانی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک هەموو وەزارەتەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە هاوکاری لیژنەکان بکەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورت وردبینییەکان تەواو بکرێن.

ئەندامێکی لیژنەکە دەڵیت: وردبینی لە داهات و خەرجیەکانی ساڵی 2021 تەواو کراوە و ئێستا وردبینی بۆ داتاکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دەکرێت. پسپۆرێکی ئابووریش رایدەگەیەنێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافانە خەرجی و داهاتەکانی خستووەتە بەردەم حکومەتی فیدراڵی عێراق.

داود سلێمان، سەرۆکی دەستەی چاودێری پێشکەوتوو لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ناتوانین بە دیاریکراوی وادەیەک دیاری بکەین، بەڵام ئومێد دەکەین لە ماوەی 10 رۆژدا وردبینییەکان تەواو بکرێن".

لیژنەکان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا وردبینییەکان تەواو بکەن و دەبێ پێش 20ی ئەم مانگە کارەکانیان تەواو بکەن.

ئەرشەد تەها، شارەزای ئابووری، دەڵێت: "نەهێشتنی بیانوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە شەفافیەتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی هەماهەنگی لەنێوان چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و چاودێری دارایی عێراق دروست بکات".

گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لە بواری یاسای بودجە، ئەم قۆناغەی ماوە کە وردبینی لە داهات و خەرجییەکان دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافانە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتییەکانی خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەزارەتی داراییش لە وەڵامی ئەو کەس و لایەنانەی دەڵین داتای ناڕاست دراوەتە حکومەتی عێراق، دەڵیت: بڕۆن لەم لیژنەیە بپرسن و دواتر قسە بکەن.