ئیبراهیم دلێمی: داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كراون

K24 – هەولێر:

پارتی به‌ شاندێكی گه‌وره‌ له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوو سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد و سیاسییه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، كورد رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نی شیعه‌ هه‌بووه‌، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كراون.

ئیبراهیم دلێمی سیاسی سه‌ربه‌خۆ، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و رێككه‌وتنه‌كان، كه‌شتی رزگاركردنی عێراقه‌، سه‌ركوتكردنی پێكهاته‌كان، كۆتاییهێنانه‌ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق‌.

دلێمی هه‌روه‌ها گوتی: زۆرجار له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق  پێشێلی ده‌ستوور ده‌كرێ، پێویسته‌ پشت به‌ بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان ببه‌ستین و رێككه‌وتنه‌كانیش ته‌واوكاری ده‌ستوورن.

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەک لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیداریان ئه‌نجامداو ئه‌مڕۆ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قه‌یس خه‌زعه‌لی، عه‌مار حه‌كیم، حه‌یده‌ر عه‌بادی و بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن هێزه‌ شیعه‌كانی دیكه‌) و پێكهاته‌ی كورد (پارتی و یه‌كێتی) و پێكهاته‌ی سوننه‌كان (هاوپه‌یمانیی سیاده‌ و عه‌زم) پێكهاتووه‌ و هه‌موویان حكومه‌تی ئێستای عێراقیان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی پێكهێناوه‌.