جه‌عفه‌ر ئیمێنكی: چاوپێکەوتنی گرنگ و چارەنووسسازمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئه‌نجامدا

جه‌عفه‌ر ئیمێنكی
جه‌عفه‌ر ئیمێنكی

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ به‌غدا جه‌عفه‌ر ئیمێنكی، ده‌ڵێت: دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگ و چارەنووسسازمان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئه‌نجامدا.

جه‌عفه‌ر ئیمێنكی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ په‌ڕه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی: "لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، بە سەرۆکایەتی  فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، سەردانی شاری بەغدامان كرد و چەندین کۆبوونەوە و دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگ و چارەنوسازمان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ئه‌نجامدا".

ئیمێنكی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "كۆبوونه‌وه‌كان تایبەت بوون بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان".

ده‌شڵێت: "جەختمان له‌سه‌ر جێبەجێیکردنی  سەرجەم رێككه‌وتنه‌كانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان  و حکومەتی عێراق كرده‌وه‌".

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەک لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیداریان ئه‌نجام داوه‌.

شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ کۆتایی بە کۆبوونەوە سێ رۆژییەکەیان لە بەغدا هێنا و گەڕانەوە بۆ هەولێر، بڕیارە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی کە لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجامیانداوە بخەنە بەردەم سەرۆک بارزانی.

ئێوارەی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، پشتیوان سادق، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم و پارتی پێیانوایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، هاوکات مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پیشێل دەکرێت، هەروەها ئەو رێککەوتنانەنی کە دەچێتە پەرلەمان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، لە کاتی جێبەجێکردنیشی لە حکومەتی عێراقدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، پێویستە یاسا ستراتیژییەکان بەڕێککەوتن دەربچێت و پێویستە ئەو کێشانەی کە هەنە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەدا، "هەست دەکەین عێراق بەرەو ناواندی بوون هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە زیانی هەموو خەڵکی عێراقە و لە  زیانی پرۆسەی دیموکراسییە.

ئەو ئەندامی شاندی پارتی، دەڵێت: "بەڵێنمان وەرگرتووە ناردنی شایستە داراییەکان هەموو مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".