لەمەودوا چەند توێژێک لە هەولێر بەخۆڕایی چارەسەری تەندروستی وەردەگرن

K24 – هەولێر:

بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و رێکخراوی نەدوە، سەرجەم بەساڵاچووان، منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی نێو دامەزراوەکانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هەولێر بە خۆڕایی چارەسەری تەندروستی وەردەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و رێکخراوی نەدوە واژوو کرا، کە پێی ئەو یاداشتی لێکگەیشتنە سەرجەم بەساڵاچووان، منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی نێو دامەزراوەکانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هەولێر بە خۆڕایی چارەسەری تەندروستی وەردەگرن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر گوتی: "گرنگی ئەم کارە جگە لەوەی چارەسەری نەخۆشەکانمان بە خۆڕاییە، لە هەمان کاتدا بەهۆی تایبەتمەندی دامەزراوەکانمان بە تایبەت بەساڵاچووانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو زۆر جار ناتوانین رەوانەی نەخۆشخانەکان بکەین کە بە خۆشحاڵیەوە ئەمجارە تیمی پزیشکی نەخۆشخانەی نەدوە بەخۆیان و بەشێوەی مەیدانی سەردانی نەخۆشەکان لە نێو شەڵتەر و خانەکان دەکەن".

لەلایان خۆیەوە، منیر سدیق، بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستانی نەدوەی جیهانی، ئەو هەماهەنگییە لە نێوان ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گرنگە و خزمەتی خەڵکێکی دیاری کراو و پێویستی کۆمەڵگە دەکەین، ئەوەیش بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، ساڵی رابردووش ئەو رێککەوتنامەیە واژوو کرا بۆ ئەمساڵ بەهۆی پێویستی نوێکرایەوە، لە ساڵی رابردوو 219 خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچوو و منداڵی بێ سەرپەرشت و ژنی هەڕەشەلێکراو چارەسەری تەندروستی بەخۆڕایی پێشکەش کراوە.

د