بایدن: چین وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوی لێهاتووە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە چین وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوی لێهاتووە.
لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنگرانی لە ویلایەتی یوتا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاند، بەهۆی کەڵەبوونی کێشە ئابوورییەکانییەوە دۆخی چین ئەگەری هەیە لە هەرکاتێکدابێت بتەقێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، پیری کۆمەڵگە و بێکاری سەرەکیترین ئەو هۆکارانەن کاریگەریی گەورەیان لەسەر لاوازبوونی ئابووری چین هەیە.
جۆو بایدن گوتیشی: چین کاتێک رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە دەست بۆ کرداری ناپەسەند دەبات، بۆ چارەسەرکردنیان.
ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ترەمپ بە کەناڵی نیوزماکسـی ئەمەریکی راگەیاندووە: "جۆو بایدن زۆر لە چین دەترسێت، لەبەر ئەوە پەکین ملیۆنان دۆلاری پێدەدات".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "پێم وایە سەرۆکێکمان هەیە یاری پێکراوە، زۆر لە چین دەترسێت، چونکە دەزانن چەند پارەی پێدراوە، دەزانن لە کوێیە، تا ئەمڕۆ پێموایە 32 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی هەیە کە چووەتە ناو ئەکاونتەکانی، ئەکاونتە جیاوازەکانی خێزان، بڕێکی زۆر پارەیە، تەنها بەرتیلە، سەرم سوڕماوە هیچ رێوشوێنێک بۆ ئەوە نەگیراوەتەبەر".