میری کوردانی ئێزدی و بەرپرسانی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی ئێزدییەکان کۆدەبنەوە

K24 – واشنتن:

حازم میر تەحسین، میری کوردانی ئێزدی، بە سەردانێک لە ئەمەریکایە، بڕیارە لەگەڵ رەوەندی کوردانی ئێزدی و بەرپرسانی ئەمەریکا کۆببێتەوە و تاووتوێی دۆخی ئێزدییەکانی دانیشتووی کەمپەکان و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (15ـی ئابی 2023)، حازم میر تەحسین، میری کوردانی ئێزدی، گەیشتە شاری دیترۆیدی ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکا و بڕیاریشە لەگەڵ هەریەک لە رەوەندی کوردانی ئێزدی و رەوەندی کلدانییە عێراقییەکانی شارەکە کۆبێتەوە.

هەر لە سەردانەکەیدا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو سەردانی ویلایەتی نێبراسکا بکات، کە گەورەترین رەوەندی کوردانی ئێزدی لێ نیشتەجێیە، هاوکات لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا  گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێزدییەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و رفاندنی ژن و کچانی ئێزدی دەکات، کە لەدوای ساڵانی 2014 بۆ 2017 داعش هەزاران ژن و کچی ئێزدییەکانی رفاند و چارەنووسی هەزارانیان تاکو ئێستا نازانرێت.

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگازی خێرخوازی بارزانی کە ئێستا بە سەردانێک لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکایە بە کوردستان24ـی گوت "هێشتا 300 هەزار ئاوارەی ئێزی لە کامپەکان دەژین و بارودۆخی کەمپەکانیش خراپە."

رۆژی (3ـی ئابی 2023) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا پشتگیری ئەمەریکای بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئێزدی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گوشارەکانیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و بە بەپرسیار زانینی ئەوانەی بوون ەهۆی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، کە هەرچەندە ژمارەی دروستی ئەو ئێزدیانەی کە لەسەر دەستی داعش بوونە قوربانی و رفێندران، لەنێویاندا ژن و منداڵ و کچ هەن نەزانراوە و دۆزینەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بەردەوامە، بەڵام لەو ساڵرۆژەدا یادی کۆمەڵکوژییەکەی کردەوە و رایگەیاند، داوا دەکەن یاسای قوربانییانی ئێزدییەکان کە تایبەتە بەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکان رزگاریان بووە بە تەواوی جێبەجێبکرێت.