کوردستان24 ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ماڵپەری ئەزموونەکانەوە، ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاودەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (17ـی ئابی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد پاش کەمێکی دیکە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەییەکان رادەگەیەندرێت.

بۆ زانینی ئەنجامەکان ئێرە کلیک بکە.  

رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستیپێکرد و تا (14ـی ئابی 2023) بەردەوام بوو.

پێشتریش هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەزار و 551 هۆڵ بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی هەر سێ بەشی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئامادەکراون و بۆ هەر هۆڵێکیش شەش چاودێر و سەرپەرشتیارێک دابینکراون.

هەروەها رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستیانپێکرد و تا رۆژی رۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام بوون. 117 هەزار و 364 قوتابی بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کرد؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3ـی تەمموزی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت بەشەکانییەوە راگەیاند و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کورتەنامەوە، مژدەی سەرکەوتنی دایە قوتابییە یەکەمەکانی تاقیکردنەوەی وزاریی ئەمساڵی خوێندنی (2022-2023).