گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بۆ کوردستان24 باس لە دابەشکردنی مووچە دەکات

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بڵاوکردنەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، چاوەڕێ دەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە، حکومەتی عێراق پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی شایستە داراییەکان.

له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی حه‌وت و ناردنی شایسته‌ داراییه‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی یاسای بودجه‌، هونەر جەمال، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی پابه‌ندییه‌كانی له‌ یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ كردووه‌ و هه‌موو رێكاره‌كانی ته‌واوكردوون.

هونه‌ر جه‌مال ئاماژەی بەوەشکرد، رێنماییه‌كانی جێبەجێکردنی یاسای بودجه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و هیوادارین له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌، حكومه‌تی عێراق پابه‌ندبێت به‌ یاسای بودجه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری دابه‌شكردنی دوو مووچه‌ش به‌ یه‌كه‌وه‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای شایسته‌ داراییه‌كانی كردووه‌ ئه‌مه‌ش به‌ گوێره‌ی یاسای بودجه‌.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم مانگە حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان نەماوە".

هەروەها رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین و مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.

سەرەتای هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری، گومرگ، باج، بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامدا، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی (12ـی حوزەیرانـی 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد، هەروەها رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، رۆژنامەی وەقایعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025) بکرێت.