رووسیا بانگەشەکانی رۆژئاوا بۆ گفتوگۆی ئاشتی بە فێڵێکی تاکتیکی دەزانێت

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی تا ئێستا بانگەشەکانی رۆژئاوا بۆ دانوستانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا سەبارەت بە ئۆکرانیا بە ناڕوون دەزانێت.
سپۆتنیک، لە زاری سێرگی لاڤرۆڤەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە گوتیەیتی لە شارە جیاوازەکان لە کۆپنهاگن ولە جەددە، کۆبوونەوەی فرەلایەنە بەبێ بانگهێشتکردنی نوێنەرانی رووسیا بەڕێوەدەچێت، بەو هیوایەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو رازی بکەن بۆ پشتگیریکردنی ئاشتی کە لەلایەن زێلنسکیەوە خراوەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمان کاتدا مۆسکۆ تۆمەتبارە بە ئامادەنەبوون و بەشداری نەکردن لە دانوستانەکاندا، کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان لەبەرچاو نەگیراوە.
دەشڵێت: "بۆیە ئێستا ئاسۆی دانوستان لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا هێشتا روون نییە".
ئەو بەرپرسە رووسییە روونیشیکردەوە، "ئێمە بانگەوازە دووڕووییەکانی رۆژئاوا بۆ دانوستان بە فێڵێکی تاکتیکی دەزانین بۆ کڕینی کاتی زیادە، بۆ ئەوەی پشوێک بدرێت بە هێزە ماندووبووەکانی ئۆکرانیا و دەرفەتێکیان بۆ کۆبوونەوە و دووبارە پڕچەک کردنیان بدرێت".
لاڤرۆڤ راشیگەیاند: ئەمە رێگای شەڕە نەک رێگای یەکلاکردنەوەی ئاشتیانە، ئەمە بە تەواوی بۆ ئێمە روونە.
لاڤرۆڤ پێکدادانی راستەوخۆی نێوان زلهێزە ئەتۆمییەکان، بە هۆی پەرەسەندنی ململانێکانی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکا و ناتۆ ئەگەرییە و دەبێت رێگری لێبکرێت.