کارگێری بەشی  هەڵبژاردنی پارتی: هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نییه‌

K24 – هەولێر:

کارگێری بەشی  هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیەنێت، كۆمیسیۆن ناتوانێ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بگۆڕێت. گوتیشی: "هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نییه‌".

كاوه‌ گه‌ردی کارگێری بەشی  هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ویستیان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌ك بخه‌ن، به‌ڵام به‌سه‌ر خۆیاندا شكایه‌وه‌.

گه‌ردی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن به‌پێی ده‌ستوور و یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌بێت بكرێت، هه‌ڵبژاردن بۆ حزب و لایه‌نێك دانه‌نراوه‌، بۆ گشت خه‌ڵكه‌‌ و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش نییه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت.

گوتیشی: "ده‌بوایه‌ مانگی 11ـی ساڵی 2022 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ندێ حزب و لایه‌ن له‌ كۆتایی مانگی سێی هه‌مان ساڵ پڕۆژه‌یاسایان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرد تاكو گۆڕانكاری له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بكرێ ، جیا له‌وه‌ش داوایانكرد به‌غدا له‌ رێگه‌ی بایۆمه‌تری و چواربازنه‌یی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببات، ئێمه‌ پێیانوه‌ رازی بووین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر بێت ئه‌وجاره‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێ، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌ ، پێویست به‌ ترس ناكات، هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك بیباته‌وه‌.

رۆژی (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

لە دوای مەرسومەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش کە راستەوخۆ ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی دەستپێکردنی رێکكارەکانی سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بە هەماهەنگی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەک یەکەم لایەنی سیاسیش، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و بەرپرسی راگەیاندنی بەشی هەڵبژاردنی پارتیش ئاشکرایکرد، پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 100 کاندیدی دەبێت و 30%ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن.