هەنگەوانانی کوردستان نیگەرانن لە کەمبوونی بەرهەمەکانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو

K24 – سلێمانی:

ئەم ساڵ بە ساڵێكی كەم بەرهەم دادەنرێت بۆ هەنگەوانان لەسەر ئاستی جیهان، هەنگەوانانی كوردستانیش نیگەرانن كە ئەم ساڵ بەراوورد بە ساڵانی رابردوو ئاستی بەرهەمیان كەمیكرووە، بەشێكی سەرەكی  كەمبوونەوەی  بەرهەمی هەنگوینیش بۆ گۆڕانكاری كەش و هەوا دەگەڕێنرێتەوە.

هه‌رچه‌نده‌ ژمارەی مێشە هه‌نگه‌كان ئەم ساڵ بەراورد  بە ساڵانی رابردوو زیادیكردووە، بەڵام بە ساڵێكی نەهات بۆ هەنگەوانان و بەرهەمی  هەنگوین دادەندرێت، كەمبوونەوەی چالاكی هەنگ، كاریگەری لەسەر دروستكردنی شانەكان دروستكردووە، زۆرێك لە شانەكانیش بە تەواونەكراوی ماونەتەوە، لەمبارەیەوە عوسمان مەجید، پسپۆر لەبواری پەروەردەی هەنگ، تایبە بە کوردستان24ـی راگەیاند، مێوی هەنگ، هەنگ لە ساڵانی ئاسایدا دەیکات بە شانەی هەنگوین، بەڵام لەگەڵ وەستانی بەهاری ئەمساڵدا کە هەنگ وەستا کەشوهەوای بەدڵنەبوو و رێژەی شیلەش وەستا لە هەنگەڵاکانی ئەوان و هەنگیش توانای دروستکردنی شانەی نەبوو.

بەرزبوونەوەی  پلەكانی گەرما و كەمبوونەوەی ڕێژەی شێ‌ لە هەوادا كاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی هەنگ  لە جیهاندا دروستكردووە، هەنگ دەتوانێت لە نێوان 12 تا 38 پلەی سیلیزی كاربكات، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمی هەنگوین لە كوردستان، هێنانی شاژنی هەنگی بیانییە .

لەلایەن خۆیەوە، رۆژگار رەسوڵ، پسپۆر لە بواری نەخۆشیەكانی هەنگدا، بۆ کوردستان24 گوتی: "شاهنی هەنگەکانمان زۆرینەی بیانی بوون، گەر شاژنی بینایش نەبووبن نێرەکانیان کە لێیانەوە دەرچوون جووتبوون لەگەڵ شاژنە هەنگە کوردییەکان، وەچەیەکی دوو رەگیان هێناوەتە سەر دنیا، ئەم وەچە دووڕەگە وەکو وەچە رەسەنە کوردییەکەی خۆمان نییە، لەبەر ئەوەی بیانییەکە لە ناوچەیەکی ساردەوە هاتووە و هەر حەز بە ناوچەی سارد دەکات، لە پلەی گەرمی دیاریکراوتا چالاکییەکانی دەوەستێت".

لە هەرێمی كوردستان 700 هەزار پوورەی هەنگ هەیە، لە ساڵی 2009 هەنگوینی كوردستان بەشداری زۆرێك لە ڤیستیڤاڵەکانی جیهان كردووە، هەشت مەدالیای زێڕینی لە ڤیستیڤاڵی ئاسیا، ئەفریقا، وڵاتانی  عەرەبی و جیهانی بۆ باشترین هەنگوین بەدەست هێناوە.