بایربوک: ئۆکرانیا بەرگری لە خاکی دەکات و رووسیاش خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج
K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاساو بۆ هێرشە درۆنیەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا دەهێنێتەوە و دەڵێت، ئەوەی ئۆکرانیا دەیکات بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە.
ئانالینا بایربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا بەرگری لە خاکی وڵاتەکەی دەکات و رووسیاش بەردەوام خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج.
لەبارەی بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی ئۆکرانیاش، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختدەکاتەوە، پێویستە کەلوپەلی سەربازی بۆ کیێڤ دابینبکرێت، بۆئەوەی بتوانێت کێڵگەی مینە چێنراوەکانی رووسیا تێپەڕێنێت.
بایربوک ههروهها گوتی: "رووسیا پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ قەدەغەی بەرکارهێنانی توندوتیژی پێشڵکردووە، خەڵکی سڤیل بۆردوومان دەکات، سایلۆ و نەخۆشخانە و کەنیسەکانی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج. ئۆکرانیاش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگری لە خۆی دەکات، ئێمە ئەم راستیەمان چەند جارێک روونکردووەتەوە. جیالەوەش کێڵگەی مینەکان زۆر فراوانە، رووبەرەکەی هێندەی رۆژئاوای ئەڵمانیا دەبێت. پرسیار ئەوەیە چۆن دەتوانیت ئەو پشتێنە مینرێژکراوە تێپەرێنیت؟ ناتوانی مینەکانیش هەڵگریتەوە چونکە بەردەوام لەژێر بۆردووماندای. بۆیە ئۆکرانیا بەروونی داوای کەلوپەلی پێویست دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێڵگە مینە".
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.