پوتن سەرەخۆشی لە کەسوکاری پریگۆژین کرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیهكی تایبەت لە تڤێر گیانیان لەدەستدا و رایگهیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پوتن لە کرملین لەگەڵ سەرۆکی کاتیی کۆماری دۆنێتسک، دێنیس پوشیلین کۆبووەوە و سەبارەت به کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە تایبەتەی لە ناوچەی تڤێر و و بەهۆیەوە دامەزرێنەری ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین گیانی لەدەستدا، پوتین رایاگەیاند، سەبارەت بەم رووداوه، دەمەوێت سەرەتا سەرەخۆشی لە خێزانی هەموو قوربانیان بکەم، ئەمە تراژیدیا بوو، زانیارییە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە کارمەندانی ڤاگنەر لەنێو فڕۆکەکەدا بوون.
پوتن، باسی لەوەکرد، ڤاگنەر هاوکارییهكی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رژێمی نازی لە ئۆکرانیا.
جهختییشی لهوهكردهوه کە لە سەرەتای ساڵانی 90 کانەوە پریگۆژین دەناسێت و گوتی: ''چارەنووسی پریگۆژین ئاڵۆزە، پیاوێکی بە توانا بوو و هەڵەی جددیشی لە ژیاندا كردبوو".
پوتن ئەوەشی خستەڕوو، کە پریگۆژین لە رووسیا و لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا ئەنجامی سەرکەوتووی بەدەستهێناوە و گوتی: "پیاوێکی بە توانا بوو، نەک تەنیا لە رووسیا، بەڵکو لە دەرەوەش، بەتایبەتی لە ئەفریقا کاری کرد، سەرقاڵی نەوت و غاز و ماددە و بەردە بەنرخەکان بوو.
پوتن باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەی تڤێر دەکرێت و گوتی: "سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە راپۆرتی پێدام، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی تڤێر دەستیپێکردووە و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، گومانم لەوە نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبینین لێکۆڵینەوەکان چی دەڵێن، کەمێک کاتی دەوێت".
دوای ئەوەی لە رووسیا فڕۆکەیەکی تایبەت کەوته خوارەوە و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە ئاژانسەکانی رووسیا باسیان لە گیان لەدەستدانی یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر کرد.
وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو شاری سەینتپترسبۆرگ فڕیوە لە نزیک گوندی کوژینکینۆ کەوتووەتە خوارەوە و 10 سەرنشینی تێدابووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا لە راگەیهندراوێکدا رایگەیاندووە، راپۆرتەکانمان بینی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێت.
کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، جۆ بایدن سەرۆککۆمار ئاگادارکراوەتەوە لەسەر رووداوەکە، کە تێیدا فڕۆکەیەکی تایبەت لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە.
پریگۆژین رۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفریقاوه گەڕاببوەوە رووسیا، ههوڵیدابوو لەگەڵ نۆ کەسی دیکە لەرێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بچێتە شاری سەینت پێترسبێرگ و فڕۆکەکەی لە هەرێمی تڤێر کەوتە خوارەوە، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا. راگەیاندنی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆژین پلان بۆ دارێژراو بووە".
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا نە کرملین نە وەزارەتی بەرگری رووسیا بەفەرمی کوژرانی یەڤگینی پریگۆژینیان پشتراست نەکردووەتەوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوبووەتەوە.
یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.
دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.