وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کیێڤ کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کیێڤ لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لێکرا".
زێلێنسکی لە راگەیەنداروێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ فیدان چەندین بابەتی گرنگمان تاوتوێ کرد، باسمان لە مەترسییەکانی گەمارۆدانی رێڕەوی دانەوێڵە لەلایەن رووسیا لە دەریای رەشدا کردووە".
رووسیا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا لەو رێککەوتنە کشایەوە، کە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بتوانێت ملیۆنان تۆن دانەوێڵەی ئۆکرانی لەڕێگەی دەریاوە هەناردە بکات.
لە چەند هەفتەی رابردوودا مۆسکۆ زنجیرەیەک هێرشی لە دژی ژێرخانی بەندەرەکانی ئۆدیسیا و بەندەرەکانی دیکەی سەر رووباری دانوب دەستپێکردووە.
لای خۆیەوە کیێڤ بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە هەناردەکردنی دانەوێڵە دەستپێبکاتەوە، لەنێویاندا لەڕێگەی دەریای رەشەوە.
تورکیا رۆڵی ناوبژیوانی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکانی بینی و بەتایبەتیش بە نێوەندگیری تورکیا رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە ئەنجامدرا، کە رووسیا دواتر لێی کشایەوە.
تورکیا لە ساڵی 1991 دانی بە سەربەخۆیی ئۆکرانیادا نا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لە ساڵی 2011دا پێگەی هاوبەشی ستراتیژییان بەدەستهێناوە.