رووسیا خستنەخوارەوەی 42 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لە ئاسمانی کریمیا راگەیاند

K24 - هەولێر:
رووسیا خستنەخوارەوەی 42 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لە ئاسمانی کریمیا راگەیاند، ئەمەش دوای رۆژێک لە راگەیاندنی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە نیمچە دوورگەکەدا کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014دا خستبوویە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئابی 2023)، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە تەلەگرام نووسیویەتی "نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر خاکی کۆماری کریمیا تێکشکینران. هاوکات 33 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەڕێگەی هێرشی ئەلیکترۆنی لەکارخران و بەبێ ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان کەوتنە خوارەوە".
سەرەڕای ئەم هێرشانە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیان زیادی کردووە و بە تایبەتی بۆ ناو پایتەختی رووسیا، کریملن دووپاتی دەکاتەوە، کە دۆخەکە هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی رووسیا دەکات.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، بەرگری دژە فڕۆکە و هەموو سیستمە پێویستەکانی پاراستن بە شێوەیەکی کاریگەر کاردەکەن، هاوکات پێسکۆڤ دانی بەوەدانا، کە هەمیشە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تووشی زیانی بچووک دەبن.
پێشتر میخائیل رازڤۆزایڤ، پارێزگاری سیڤاستۆپۆل رایگەیاندبوو، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەناری کریمیا "لە ناوچەی کیپ چێرسۆنێز" لە باشووری رۆژئاوای نیمچە دوورگەکە خراونەتە خوارەوە، کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە بەندەری سەرەکی سیڤاستۆپۆلەوە دوورە بۆ بەلەمی دەریای رەشی ڕووسیا.
کریمیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە کیێڤ هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا دەستپێکرد، بەردەوام لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی و دەریاییەوە هێرشی دەکرێتە سەر.
لە کۆتایی مانگی تەمموزدا مۆسکۆ 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستەخوارەوە کە ئاراستەی کریمیا کرابوون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکات، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی خستەخوارەوە.
راهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکراینیەکان–کیێڤ، نیازی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانەی مۆسکۆ داگیری کردووە، لەنێویاندا کریمیا پشتڕاست دەکاتەوە.
ئۆکرانیا رۆژی پێنجشەممە، لە رۆژی سەربەخۆیی نیشتمانیدا، رایگەیاند، کە یەکەکانی هێزە تایبەتەکانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان لە کریمیا دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا ئاڵای ئۆکرانیایان بەرزکردووەتەوە، کە نوێنەرایەتی سەرکەوتنێکی رەمزی دەکات.
هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ئەرکی یەکەکانی هێزە تایبەتەکانی روون نەکردۆتەوە و تەنها ئەوەیان راگەیاندووە کە دوای تەواوکردنی هەموو "ئامانج و ئەرکەکانیان" "بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگات" رۆیشتوون.