سەرۆکی بێلارووس بەدووری دەزانێت پوتن دەستی لە کوشتنی پریگۆژین هەبووبێت

K24 – هەولێر:

ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلارووس لەبارەی کوژرانی یەڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەدا، بەدووری دەزانێت سەرۆکی رووسیا دەستی لە کوشتنی پریگۆژین هەبووبێت.

ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئابی 2023)، ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلارووس رایگەیاند، پێشتر ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا هۆشداری بە پریگۆژین دابوو لەوەی هەوڵدراوە بیکوژن.

ئاماژەی بەوەشدا، بەدووری دەزانێت سەرۆکی رووسیا دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر هەبووبێت.

ئاشکراشی کرد، گرووپی ڤاگنەر ماوەتەوە و هەڵنەوەشاوەتەوە، چەکدارانی گرووپەکە لە بێلارووس دەمێننەوە و لەگەڵ وڵاتەکە کار دەکەن.

دوای ئەوەی لە رووسیا فڕۆکەیەکی تایبەت کەوته‌ خوارەوە و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە ئاژانسەکانی رووسیا باسیان لە گیان لەدەستدانی یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر کرد.

وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو شاری سەینتپترسبۆرگ فڕیوە لە نزیک گوندی کوژینکینۆ کەوتووەتە خوارەوە و 10 سەرنشینی تێدابووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

پریگۆژین لە وڵاتێکی ئەفریقاوه‌ گەڕاببووەوە رووسیا، هه‌وڵیدابوو لەگەڵ نۆ کەسی دیکە لەرێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بچێتە شاری سەینت پێترسبێرگ و فڕۆکەکەی لە هەرێمی تڤێر کەوتە خوارەوە، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا. راگەیاندنی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆژین پلان بۆ دارێژراو بووە".

یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.

دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.