لۆكاشینكۆ: دوای مردنی پریگۆژین، چەکدارەکانی ڤاگنەر لەبێلاڕووس دەمێننەوە

ئه‌لكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ، سه‌رۆكی بێلاڕووس
ئه‌لكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ، سه‌رۆكی بێلاڕووس

K24 - هەولێر:

ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ سه‌رۆكی بێلاڕووس رایگەیاند، دوای مردنی یێڤگینی پریگۆژین، چەکدارەکانی گرووپی ڤاگنەر لە بێلاڕووس دەمێننەوە.

راشیەگەیاند، هەندێک لەچەکدارەکانی ڤاگنەر لە پشوودان و هەندێکیان وازیانهێناوە، بەڵام لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا، چەکدارەکان کە ژمارەیان 10 هەزار ئه‌ندامه‌، دەگەڕێنەوە بێلاڕووس.

لۆکاشینکۆ  هه‌روه‌ها گوتی: "ئەوەی هەموومان لەسەری کۆکین ئەوەیە، یێڤگینی پریگۆژین سەرۆکی ڤاگنەر وا دادەنرێت لەرووداوی تێکشکاندنی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدابێت".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەندامانی گروپی ڤاگنەر لە بێلارووس دەمێننەوە، هەندێکیان بۆ پشوو دوورکەوتوونەتەوە، هەندێکیشیان وازیانهێناوە، بەڵام ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانەکانیان لەشوێنی خۆیان ماوە، لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا هەموویان کە ژمارەیان زیاتر لە دە هەزار ئەندامە، دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان لە بیلاڕووس".

دوای ئەوەی لە رووسیا فڕۆکەیەکی تایبەت کەوته‌ خوارەوە و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە ئاژانسەکانی رووسیا باسیان لە گیان لەدەستدانی یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر کرد.

وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو شاری سەینتپترسبۆرگ فڕیوە لە نزیک گوندی کوژینکینۆ کەوتووەتە خوارەوە و 10 سەرنشینی تێدابووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا لە راگەیه‌ندراوێکدا رایگەیاندووە، راپۆرتەکانمان بینی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێت.

کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، جۆ بایدن سەرۆککۆمار ئاگادارکراوەتەوە لەسەر رووداوەکە، کە تێیدا فڕۆکەیەکی تایبەت لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە.

پریگۆژین رۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفریقاوه‌ گەڕاببوەوە رووسیا، هه‌وڵیدابوو لەگەڵ نۆ کەسی دیکە لەرێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بچێتە شاری سەینت پێترسبێرگ و فڕۆکەکەی لە هەرێمی تڤێر کەوتە خوارەوە، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا. راگەیاندنی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆژین پلان بۆ دارێژراو بووە".

یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.

دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.