کەشتییە ئاسمانییەکەی هیندستان لەسەر رووی مانگ نیشتەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگەیاند، نیشتنەوەی ئەو کەشتییەی هیندستان بۆ سەر مانگ مۆدێلێکە بۆ وڵاتانی دیکە کە ئاواتەخوازن بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی خۆیان پەرەپێبدەن.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بە ستافی ئەرکەکەی لە شوێنی رێکخراوی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان گوتی: "ئەو ناوچەیەی کە ئەرکەکەمان لێی دەکۆڵێتەوە یارمەتیدەر دەبێت لە کردنەوەی رێگای نوێ بۆ ئەرکەکانی مانگی وڵاتانی دیکە".
گوتیشی:"ئەمە نەک تەنیا نهێنییەکانی مانگ هەڵدەوەشێنێتەوە بەڵکو یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی زەوی".
کەشتییە ئاسمانیەکە ناوی "چاندرایان"ـە، کاتێک رەوانەی سەر رووی مانگ کرا وایکرد هیندستان یەکەم وڵات بێت کە کەشتییەکی بێ سەرنشین رەوانەی سەر مان بکات و لە نزیک جەمسەری باشووری مانگ نیشتووەتەوە.
هەروەها هیندستان بووەتە چوارەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ئەمەریکا و رووسیا و چینەوە کە کەشتییەکی لەو شێوەیە بنێرێتە سەر رووی مانگ.
مۆدی ستایشی زاناکانی کرد کە لەو شکستە فێربوون و بێ وەستان بوون لە بەدواداچوون بۆ ئەرکی مانگ، هاوکات گوتی: سڵاو لە ماندووبوون و سەبر و کۆڵنەدانتان.
هیندستان بەرنامەیەکی بۆشایی ئاسمانی هەیە کە بودجەیەکی کەمی هەیە، بەڵام بەرنامەیەک کە قەبارە و زەبری بەرچاوی گەشەی کردووە لەو کاتەوەی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2008ـدا پشکنەرێکی ناردووە بۆ خولگەی مانگ.
تێچووی کەشتی ئاسمانی "چاندرایان" سەروو 74 ملیۆن دۆلارە، هەروەها تێچووەکەی زۆر کەمترە لە زۆرێک لە ئەرکەکانی وڵاتانی دیکە و هاوکات ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەندازیاری بۆشایی ئاسمانی پارێزراوی هیندستان.