سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند بۆ کوردستان24: کورد زۆرباش لە رووداوەکانی جیهان تێدەگەن

تاریا  هاڵۆنێن، سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند
تاریا  هاڵۆنێن، سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند

K24 – فینلاند:

تاریا  هاڵۆنێن، سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند رایگەیاند، کورد زۆرباش لە رووداوەکانی جیهان تێدەگەن بەهۆی ئەوەی ئەزموونی زۆریان هەیە، هاوکات گوتی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەربن بۆ پرسی کورد.

تاریا  هاڵۆنێن، سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند، لەمیانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی کوردستان لە فینلاند، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیوادارم ئێوە و هەموو کوردەکان ئەوە بزانن کە لە جیهانی ئێستادا بە تەنیا نین و هەموو وڵاتانی جیهان پشتگیری لە کوردان دەکەن".

سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند دەڵێت: کورد زۆر باش لە رووداوەکانی جیهان تێدەگەن بەهۆی ئەوەی ئەزموونی زۆریان هەیە.

هیواداریشە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی چارەسەرێکی گشتی بۆ کوردەکان بدۆزنەوە و دەبێت، هەروەها گوتی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەربن بۆ پرسی کورد.

تاریا  هاڵۆنێن، ئەوەشی خستەڕوو، کەسایەتیەکانیش بە جیا دەتوانن هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی کێشەی  کورد چارەسەر بکەن.

تارا کارینا هاڵۆنێن لە ساڵی 1943 لە دایکبووە، سیاسەتمەدارێکی فینلەندییە وەک یازدەهەمین سەرۆکی فینلاند کاری کردووە، هەروەها یەکەم ژنە کە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە، هالۆنێن لە ساڵی 1979 تا هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2000 ئەندامی پەرلەمانی پارتی سۆسیال دیموکرات بووە، لە ساڵی 1987 تا 1990 وەک وەزیر لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی کاریکردووە،  لە ساڵی 1990 تا 1991 وەزیری داد بووە، لە ساڵی 1995 تا 2000 لە پۆستی وەزیری دەرەوە کاری کردووە.