کەشتی ئاسمانی چاندرایان 3 دەستیکرد بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پێکهاتەی مانگ

کوردستان24 – هەولێر:
لە دوای ئەوەی چوارشەمەی ڕابردوو کەشتی ئاسمانی چاندرایان -3ـی وڵاتی هیندستان بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، توانی بە سەرکەوتوویی لە جەمسەری باشووری رووی مانگدا بنیشێتەوە، گالیسکەکەی ناسراو بە (پراگیان – واتا ژیری) رۆژی دواتر دەستی بە جووڵە کرد لەسەر رووی مانگ بۆ لێکۆڵینەوە لە جەمسەری باشوور، کە پێشبینی دەکرێت ناوچەیەکی بەستەڵەک بێت وەک سەرچاوەی وزە بۆ گەشتەکانی بۆشایی ئاسمان، سوودی لێوەربگیرێت.
دامەزراوەی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان ناسراو بە "ئایزرۆ" رۆژی هەینی (25ـی ئابی 2023)، گرتەڤیدیۆیەکی ساتی دابەزینی کەشتی ئاسمانی چاندرایان -3ـی لەسەر رووی مانگ بڵاوکردەوە، کە یەکەمینجارە، لەسەر رووی جەمەسەری باشووری مانگ بە سەرکەوتوویی کەشتیەکی ئاسمانی لەسەر بنیشێتەوە.
چاندرایان -3 بۆ ماوەی 14 رۆژ گەڕان و پشکنینەکانی لە جەمسەری باشووری مانگدا بەردەوامی پێدەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەو ناوچەیەی مانگ، کە گومان دەکرێت بڕێکی زۆری ئاوی بەستووی لەخۆگرتبێت و بتوانێت ببێت بە سەرچاوەی وزە و ئۆکسجین بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی داهاتوو.
هیندستان بوو بە چوارەم وڵات کە بتوانێت بگاتە سەر رووی مانگ، لە دوای ئەمەریکا، یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و چین، بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە، پێشتر نەگەیەشتوونەتە جەمسەری باشووری مانگ کە رووبەرەکەی بە شوێنێکی سەخت دادەنرێت بۆ جووڵەی کەشتییە ئاسمانییەکان.
نیشتنەوەی سەرکەوتووانەی کەشتییە ئاسمانییەکەی هیندستان، لەدوای چەند رۆژێک هات لە تێکشکانی کەشتی ئاسمانی لونا -25ـی رووسیا لەسەر رووی مانگ، بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کە تێچووی کەشتیەکە بە 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا، لە کاتێکدا کەشتییەکەی هیندستان تێچووەکەی 74.2 ملیۆن دۆلارە.
کەشتی ئاسمانی چاندرایان – 2ـی هیندستان لە ساڵی 2019، شکستیهێنا لەوەی بتوانێت لەسەر رووی مانگدا بنیشێتەوە، بەهۆی بوونی هەڵەیەک لە بەرنامەکەیدا، بۆیە هەواڵی سەرکەوتنی نیشتنەوەی چاندرایان – 3، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە جیهاندا و چەندنین سەرکردە و کەسایەتی جیهانی پیرۆزبیان لەو وڵاتە کرد.
هەرچەندە، لە کاتی نیشتنەوەی کەشتی ئاسمانی چاندرایان – 3 بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مانگدا، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە جۆهانسبێرگی باشووری ئەفریقا بوو بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی برێکسدا و لەو کاتەدا بەشێوەی تەلە کۆنفرانس دیمەنی ساتی نیشتنەوەکەی بینی و و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەهۆی سەرکەوتنی وڵاتەکەی.
هیندستان پرۆگرامێکی تایبەتی بە بەدواداچوون و توێژینەوە لە بواری بۆشایی ئاسمان هەیە، هەرچەندە لەچاو پرۆگرامی وڵاتانی زلهێزی جیهان بودجەیەکی کەمی هەیە و لە گەشەکردندایە و لە ساڵی 2008ـدا پشکێنەرێکی نارد بۆ خولگەی مانگ و لە ساڵی 2014ـشدا توانی بە کەمترین تێچوو کەشتیەکی ئاسمانی بنێرێتە خولگەی مەریخ.