ناسا ژنێکی خەڵکی مەهاباد دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان

یاسەمین موقبیلی - وێنە: AFP
یاسەمین موقبیلی - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئاژانسی ناسای ئەمەریکی لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدا بەناوی SpaceX Crew-7، چوار کەشتیوانی ناردە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، کە یەکێک لەوانە ئافرەتێکی خەڵکی مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە بەناوی یاسەمین موقبیلی.

یاسەمین و سێ کەشتیوانەکەی دیکە دەچنە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان و چوار کەشتیوانی دیکە کە ماوەیەکە لەوێن، دەگەڕێنەوە سەر زەوی.

یاسەمین و تیمەکەی، هەریەک و خەڵکی وڵاتێکن، کە ئەمەش یەکەمجارە لە ئەرکێکی ناسادا شتی لەمجۆرە رووبدات.

ئەندرێیاس مۆگێنسن، ئەندازیارێکی دانیمارکیە و یەکێکە لە ئەندامانی تیمەکەی یاسەمین.

هەروەها کۆنستنتین بۆریسۆڤ، کە گەردوونناسێکی رووسییە هاوکاری ئەندرێیاس و یاسەمینە و لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان لەگەڵ ساتۆشی فوروکاوا، پزیشکی نەشتەرگەری ژاپۆنی، ماوەی شەش مانگ پێکەوە دەمێننەوە و لە ئەرکدا دەبن.

یاسەمین لەبارەی ئەرکەکەی لە بۆشایی ئاسمان گوتی: هێشتا هەموو بەیانییەک کە هەڵدەستم لە خەو، باوەڕناکەم کە من بەڕاستی بوومەتە کەشتیوان، ئێمە تیمێکی یەکگرتووین کە هەمان ئەرکمان هەیە.

یاسەمین موقبیلی لە 24ـی حوزەیرانی 1983 لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە، کە ئەوکات وەک بەناپەر لە ئەڵمانیا ژیاون.

فریشتە و کامی، دایک و باوکی یاسەمین خەڵکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانن و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە 1979، وەک پەنابەر دەڕۆنە ئەڵمانیا و دواتر دەچنە ئەمەریکا و لە نیویۆرک نیشتەجێ دەبن.

یاسەمین لە پەیمانگەى تەکنەلۆژى ماساچوستس (MIT) لە بوارەکانی ئەندازیاری فڕۆکەوانی و تەکنەلۆژیای زانیاری بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.

ساڵی 2005 لە هێزی دەریایی ئەمەریکا ئەفسەر بووە و راهێنانی فڕۆکەوانی وەرگرتووە.

لە هێزی دەریایی ئەمەریکا لە 150 ئەرکی سەربازیدا بەشداری کردووە و دواتر لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە و لە 2017 وەک ئەندامێکی گرووپی 22ـی کەشتیوانی ناسا دەستنیشان کراوە و ماوەی دوو ساڵ مەشق و راهێنانی کردووە.

یاسەمین موقبیلی
یاسەمین موقبیلی