مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان: بەهۆی رەفتارەکانی سەرۆکی زانکۆ ئەمساڵ وانە ناڵێینەوە

کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان - وێنە: ئەرشیف
کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان - وێنە: ئەرشیف

K24 – کەلار:

مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان رایانگەیاند، بەهۆی ئەو دانانی ئابلۆقەی کارگێری و دارایی لەلایەن سەرۆکی زانکۆکەیانەوە لەسەر کۆلیژەکەیان، بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) ناتوانن لە وانەووتنەوە بەردەوام بن.

رۆژی سێشەممە (29ـی ئابی 2023)، مامۆستایانی کۆلیژیی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە یاداشتێکی کراوەدا کە ئاراستە لایەنی پەیوەندیداریان کردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئێمە وەک مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان، وا بۆ شەش ساڵ دەچێت، لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ سەرخستنی ئەم کۆلیژە، بەمەبەستی پێگەیاندنی کۆمەڵێک پزیشکی بە توانا بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتی و گەرمیان بە تایبەتی".

هەروەها مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە هەوڵی بەردەوام بووین و پێویستیمان هەبووە بە دابینکردنی ستاف و نەخۆشخانەی فێرکاریی و تاقیگەی پزیشکی، کە ئەمانەش هەم بۆ فێرکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکارانمان پێویستن، هەمیش خاڵی پێویستن بۆ دانپێدانانی کۆلیژی پزیشکی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

هاوکات جەختیان لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، "چەندین جار داواکاری و پرۆژەی دروستکردنی تاقیگە و نەخۆشخانەی فێرکاریمان ئامادەکردووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆمان کردووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان نەک هەر بەجددی بە دەم داواکارییەکانی کۆلیژەکەوە نەهاتووە، دنیایەک گیروگرفتی کارگێری و دارایی دروست کردووە بۆمان".

لە یاداشتەکە، مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان ئاشکرایانکردووە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان نەیهێشتووە پەیکەری کارگێری کۆلیژەکەیان دروست بێت و ئابڵووقەی کارگێری و دارایی خستووەتە سەر کۆلیژ، سەرەڕای ئەوەی کە کۆلیژی پزیشکی داهاتێکی باشی هەیە بۆ زانکۆی گەرمیان.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا، مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "ناتوانین بەردەوام بین بۆ ئەم ساڵی خوێندنی (2023-2024) چونکە نامانەوێت خوێندکارانمان ئاستێکی زانستی لاوازیان هەبێت و داهاتوویەکی نادیاریان هەبێت و هەوڵ و ماندووبوونی دایک و باوک و کەس و کارییان بەفیڕۆبچێت".

زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2010ـەوە دامەزراوە بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی فیدراڵییەوە دانیپێنەنراوە و ناوی لە لیستی رێبەری ناوی زانکۆکان بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024)ـی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمارنەکراوە.

کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە ماوەی رابردوو بەهۆی چەندین کێشە لە بوونی مامۆستای پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی تاقیگەی پێویست گرفتیان هەبووە و چەند جارێک خوێندکارانی ئەو کۆلیژە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.