رۆژنامەیەکی بەریتانی: پوتن ترسی لە هەڵگەڕانەوەیەکی دیکەی سەربازی هەیە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی میترۆی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستاش ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ترس و گومانی هەیە، رووبەرووی کودەتاییەکی سەربازی نوێ ببێتەوە، لەدوای کوژرانی یەفگینی پریکۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر.

رۆژنامەی میترۆ لەسەر زاری ئۆلێگ ئیگناتۆڤ، شیکەرەوەی سیاسی رووسی لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە کە گوتیەتی: سەرەڕای ئەو گومانانەی لە پوتن دەکرێت سەبارەت بە کوشتنی پریگۆژین، بەڵام ئەو نیگەرانە لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوە لەلایەن چەکدارانی ڤاگنەرەوە، هەروەها نیگەرانە لەوەی هەڵگەڕانەوەیەکی دیکە دژی دەسەڵەتەکەی رووبدات.

ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمز رایگەیاند، پوتن فەرمانی بە دەزگا نهێنییەکان کردووە خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەڕەشەکە، کرێملن رێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ گەمارۆدانی ئۆپۆزسیۆن، لەوانە رێگریکردن لەوەی پرسەکەی پریگۆژین ببێتە بۆنەیەکی گشتی و زیادکردنی ژمارەی کارمەندانی ئاسایش لەو گۆڕستانەی کە چەکدارانی ڤاگنەری تێیدا نێژراون.

ئەماژەی بەوەشکرد، پێشتر پوتن بەهۆی هەڵگەڕانەوەکەی پریگۆژینەوە نیگەران بوو و گرەوی کۆتایی هێنان بە هێزە تایبەتەکەی دەکرد.

بەگوێرەی رۆژنامەی میترۆ، کرێملن پلانی هەیە پوتنی تەمەن 70 ساڵ ئەمجارەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی رووسیا بباتەوە، وێنەی پوتن وەک سەرکردەیەکی بەهێز بمێنێتەوە.

سەرەڕای هەواڵی خراپی تەندروستی، پێدەچێت پوتن سوور بێت لەسەر مانەوەی بۆ ماوەیەکی نادیار لە دەسەڵاتدا.