فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا داوایەکەی یانەی قوە جەوییەی رەتکردەوە

لۆگۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە
لۆگۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا داوکارییەکەی یانەی قوە جەوییەی بۆ گواستنەوەی یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە هەولێرەوە بۆ بەسرە رەتکردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بە نووسراوی فەرمی داواکارییەکەی یانەی قوە جەوییەی بۆ گواستنەوەی یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە هەولێرەوە بۆ بەسرە رەتکردەوە، چونکە یانەکانی زەوڕا و کارەبا یارییەکانیان لە جمای یەکێتی ئاسیا لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە دەکەن و نابێت لە دوو یانە زیاتر لە یەک یاریگا یاریی بکەن.

بەگوێرەی نووسراوەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، یانەی قوە جەوییە لە بەردەم دوو بژاردە دایە، یارییەکانی لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر بکات یانیش یارییەکانی بگوازێتەوە دەرەوەی عێراق، چونکە لە عێراق سێ یاریگا ئابلوقەی وەرزشییان لەسەر هەڵگیراوە کە بریتین لە هەولێر و بەسرە و کەربەلا، یاریگای کەربەلا ئێستا لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە و چیمەنەکەی هەڵگیراوە و ناتوانرێت یاریی لەسەر بکرێت، یاریگای بەسرەش وەکو یاریگای یانەکانی زەوڕا و کارەبا بۆ جامی یەکێتی ئاسیا دەستنیشانکراون، بۆیە تەنیا یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە بەردەم قوە جەوییە ماوە بۆ ئەوەی یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا تیادا ئەنجام بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رۆژی دووشەممە شاندێک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا سەردانی هەولێر دەکەن بۆ ئامادەکردنی یاریگای فڕەنسۆ هەریری بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی قوە جەوییە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بۆ ئەوەی لە رووی بەبازاڕکردن و دانانی سیستەمی ڤار یاریگاکە رێکبخرێت.

قوە جەوییە لە کۆمەڵەی سێیەمدا لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، هاوشانی ئیتیحادی سعوودی و سێپاهانی ئێرانی و ئەجمەکی ئۆزباکی یاریی دەکات.