ئوسترالیا بەنیازە ریفراندۆمێکی مێژوویی ئەنجامبدات

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، ئوسترالیا لە 14ـی ئۆکتۆبەر ریفراندۆمێکی مێژوویی سەبارەت بە مافەکانی دانیشتووانە رەسەنەکەی ئەنجامدەدات، بە ئامانجی هێنانی دەنگی پێویست، هاوکات بەپێی راپرسییەکان ئەم پڕۆژەیە وڵاتەکە دابەش دەکات و رووبەڕووی مەترسی رەتکردنەوە دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئابی 2023)، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، گوتی: لەم رۆژەدا هەموو ئوسترالییەک دەرفەتێکی ناوازەی بۆ دەڕەخسێت بۆ یەکخستنی وڵاتەکەمان و گۆڕینی بۆ باشتر.  ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو ئوسترالییەکان دەکەم دەنگ بە بەڵێ بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان  ئەگەر پڕۆژەکە کە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، پەسەند بکرێت، ئەوا خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا کە باپیرانیان لانیکەم 60 هەزار ساڵە لەم کیشوەرەدا ژیاون، بۆ یەکەمجار لە دەستووردا دانیان پێدا دەنرێت و مافی ئەوەیان دەبێت کە راوێژیان لەگەڵدا بکرێت.

هاوکات راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەوانەی دەنگ بە "بەڵێ" دەدەن لە ئێستادا زۆرینە پێکناهێنن و هەندێکیش ترسیان لەوە هەیە کە شکستی ریفراندۆمەکە کۆمەڵگەی ئوسترالیا دابەش بکات و ناوبانگی وڵاتەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەکەدار بکات.

ئەلبانیس دەڵێت "دەنگی نەخێر" بەرەو هیچ شوێنێک نامانبات، مانای ئەوەیە هیچ شتێک ناگۆڕێت. دەنگی "نەخێر" دەرگا لەسەر دەرفەتی هەنگاونان بەرەوپێشەوە دادەخات". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەرگا لەسەر نەوەی داهاتووی ڕەسەنی ئوسترالیا دامەخەن".

لایەنگرانی چاکسازییەکە پێیان وایە دەتوانێت چارەسەری ئەو نایەکسانییە بکات کە رووبەڕووی خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا دەبێتەوە.

پیتەر دوتۆن سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن "لیبراڵ" پێی وابوو کە ئەم چاکسازییە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بیرۆکراسی ناپێویست.  ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە "لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندا نییە".

بەپێی توێژینەوەکان، زیاتر لە 200 ساڵ دوای کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و دواتر گۆشەگیری بۆ سەر خەڵکی رەسەن، بەدەست نایەکسانییەکی بەربڵاوی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن کە وایان لێدەکات رووبەڕووی هەژاری و نەبوونی خوێندن و نەخۆشی و زیندانیکردن ببنەوە.