سوپای ئۆکرانیا: شەش ئەفسەرمان لە رووداوێکدا کوژران

K24 - هەولێر

سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، شەش سەربازیان لەناو دوو هەلیکۆپتەری جۆری می 8، لە دوای ئەنجامدانی ئەرکێکی گرنگ، گیانیان لەدەستدا.

سوپای ئۆکرانیا راگەیەندراوێکی لە تێلێگرام بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەو شەش سەربازانە لە کاتێکدا کوژراون کە "ئەرکەکانیان ئەنجامدابوو" رووداوەکەش لە رۆژهەڵاتی باخموتی ژێر دەسەڵاتی رووسیا روویداوە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئۆکراینسکا پراڤدا رایگەیاندووە، رووداوەکە لە نزیک شاری کراماتۆرسک روویداوە، کە شارۆچکەیەکی گەورەیە لە رۆژئاوای باخموت لە ناوچەی دۆنێتسک کە زۆربەی شەڕەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لەو شوێنە روویداوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو فڕۆکەیە بەتەواوی لەناوبراون و تەرمەکانیش لەو شوێنە دۆزراونەتەوە.

گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، یەڤێن راکیتا دەڵێت: کوژراوەکان ئەفسەر بوون، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی ناسنامەکانیان ئاشکرا ناکرێت.