رووسیا ڤیتۆی لەسەر بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر وڵاتی مالی کۆتایی دێت، رووسیاش ڤیتۆی لەسەر نوێکردنەوەی ئەو سزایانە کردووە. چاودێرانی سەربەخۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشیان راگەیاندووە، هێزەکانی مالی و هاوبەشە ئەمنییە بیانییەکان کە پێدەچێت گرووپی سەربازی ڤاگنەر بن، توندوتیژیان دژی ژنان و پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی تیرۆر کردووە.

رووسیا رۆژی چوارشەممە، ڤیتۆی پێشنیازی ئەنجوومەنی ئاسایشی بۆ درێژکردنەوەی سزاکانی سەر مالی کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە هاوبەشییەکی نزیکیان لەگەڵ گروپی ڤاگنەری رووسیادا هەیە.

ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە چەندین جار داوای روانگەی بنیاتنەر و سازانێکی شیاومان کردووە، بەڵام دەقەکان بە هیچ شێوەیەک نیگەرانییەکانی وڵاتی مالی یان هەڵوێستی یەکێتی رووسیایان لەبەرچاو نەگرتووە.

سزایەکانی سەر مالی لە ساڵی 2017ەوە سەپێنراون، کە بریتییە لە قەدەغەکردنی گەشت و گوزار و بلۆککردنی سەروەت و سامانی هەر کەسێک کە پرۆسەی ئاشتی ئەو وڵاتە وەک هەڕەشە سەیر بکات.

نەبێنزیا داوای لە ئەنجومەنی سەربازی کرد، کۆتایی بە گەمارۆکان بهێنێت، دوای ئەوەی پێشتر فەرمانی کۆتایی هێنانی بە ئەرکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو کە ماوەی 10 ساڵە پەیرەو دەکات.

لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، 13 ئەندام پشتگیریان لە رەشنووسی بڕیارنامەکە کرد، کە لەلایەن فەرەنسا، داگیرکەری پێشووی مالی و ئیماراتەوە خراوەتەڕوو بۆ درێژکردنەوەی سزاکان بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە.

هەروەها رووسیا بە بەردەوامبوونی سزاکانی سەر مالی رازی بوو، بەڵام رەتیکردەوە و رازی نەبووبەوەی لیژنەیەک چاودێری سزاکان بکات.

وڵاتانی رۆژئاوا، رووسیایان تۆمەتبارکرد بە وەڵامدانەوەی راپۆرتێکی لیژنەی چاودێری، کە رەخنەیان لە کردەوەی هێزەکانی مالی و هاوبەشەکانی گرتبوو.

ڕۆبێرت وود، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "رووسیا هەوڵدەدات فەرمانی لیژنەی شارەزایان هەڵبوەشێنێتەوە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی راستییەکانی شەرمەزارکەرەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکە سزاکان ناکاریگەر دەکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆر کەس بەدەست توندوتیژییە بەردەوامەکانەوە دەناڵێنن و بەهۆی کردەوەکانی رووسیا ئەم ئەنجومەنە نەیتوانیوە هەندێک لە گرنگترین دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە نوێ بکاتەوە.

ئەنجوومەنی سەربازی مالی داوای کردبوو کۆتایی بەو گەمارۆیانە بهێنن کە سەرەتا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە ساڵی 2015ەوە بەسەریاندا سەپێندراون.