رووسیا سیسته‌می مووشه‌كی ستراتیژی شه‌یتان2 ده‌خاته ناو خزمه‌تگوزارییه جه‌نگییه‌كان

K24 - هەولێر:
هاوكات له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌كانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، مۆسكۆ سیسته‌می مووشه‌كی ستراتیژی سارمات ناسراو به "شه‌یتان2" ده‌خاته ناو خزمه‌تگوزارییه جه‌نگییه‌كان.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی ئه‌یلوولی 2023) یۆری بۆریسۆڤ، سه‌رۆكی جێبه‌جێكار له كۆمپانیای "رووس كۆسمۆس" رایگه‌یاند، توانیویانه سیسته‌می مووشه‌كی ستراتیژی سارمات بخه‌نه ناو خزمه‌تگوزارییه جه‌نگییه‌كان.
هه‌روه‌ها بۆریسۆڤ روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و مووشه‌كه له بنكه‌ی هه‌ڵدانه‌وه هه‌ڵده‌درێت، پاشان به‌شی پێشه‌وی كه كڵاوه‌ی جه‌نگی هه‌ڵگرتووه یه‌ك له دوای یه‌ك له یه‌كدی جیاده‌بێته‌وه و به‌ره‌و ئامانجه‌كه‌ی ئاراسته ده‌گرێت.
بۆریسۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، سارمات ده‌توانێت 16 هه‌زار كلیۆمه‌تر ببڕێت، واته توانای هه‌یه بگاته ئامانجه‌كانی له جه‌مسه‌ری باكوور و باشوور، هه‌روه‌ها كڵاوه جه‌نگییه‌كانی له توانایدایه له كاتی هه‌ڵدانی و فڕینی به ئاسماندا، ئاراسته‌كه‌ی به دوای پێكانی ئامانجه‌كه‌ی بگۆڕێت.
شاره‌زایانی رۆژئاوا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و سارمات كه ناویان ناوه شه‌یتان2، به‌هێزترین مووشه‌كی جیهانییه و كیشوه‌ڕبڕه و ده‌توانێت به‌سه‌ر هه‌موو سیسته‌مه نوێیه‌كانی به‌رگری دژه‌مووشه‌كی زاڵ بێت.
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا رایگه‌یاند، به‌مزووانه نه‌وه‌ی نوێی مووشه‌كی بالیستی سارمات بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه له توانای دایه 10 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی و زیاتریش هه‌ڵبگرێت.