فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
لە ژێر چاودێری راستەوخۆی پارێزگاری دهۆک، ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.
ئاراس حامید، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 04:00 لە شەقامی رەزا، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت".
فێستیڤاڵەکە وەکو ئەوەی ئاراس حامید ئاماژەی پێ کرد، بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێیە و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک و قائیمقامییەتی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ، لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانی وەک هەنجیر، برنج، سماق، تەحین و بەرهەمەکانی سپییاتی ئاکرێ پیشاندەدرێت. دەشڵێت، "ئەمە ڕێگەیەکە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی شارەکەمان".
دەڤەری ئاکرێ لە رووی کشتوکاڵییەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە. ئێستا زۆرینەی بەرهەمەکانی سەوزە و میوەی ناوچەکە پێگەیشتوون. لە سەرلەبەیانی زووەوە جووتیارانی ناوچەکە بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە و روو لە عەلوەکان دەکەن و بەرهەمەکانیان ساخ دەکەن.