رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شاری ئۆدێسای ئۆکرانیا

K24 - هەولێر
پارێزگاری شاری ئۆدێسای ئۆکرانیا، ئۆلیە کیبر رایگەیاند، ئەمڕۆ رووسیا هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر بەندەری ئیسماعیل لەسەر رووباری دانوب، کە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئۆکرانیا گەیاندووە، بەوهۆیەشەوە چەند باڵەخانەیەک ئاگری گرتووە.
ئۆلیە کیبر لە پلاتفۆرمی تێلێگرام رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بەندەری ئیسماعیل لەسەر رووباری دانوب، لەئەنجامدا زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئۆکرانیا گەیاندووە، هەروەها بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاش 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیای خستووەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە کۆگا و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی کشتوکاڵ و ئامێری کۆمپانیا پیشەسازییەکان لەبەندەری ئیسماعیل لە ئۆدێسا کەوتووە.
دەشڵێت: بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەندین ئاگر لە ناوچەکە کەوتووتەوە. گوتیشی: هێرشەکە بۆ ماوەەی سێ کاتژمێر و نیو بەردەوام بووە.
چەندین جارە شاری ئۆدێسا ئۆکرانیا لە لایەن هێرشەکانی رووسیاوە بە ئامانج گیراوە، رووسیا لەماوەکانی رابردوو چەندین هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچەیە و بەدەیان تۆن دانەوێڵەی کۆگاکانی ئەو ناوچەیەی وێران کردووە.