ئەمساڵ رووسیا 280 هەزار سەربازی نوێی دامەزراندووە

سەربازانی رووسیا
سەربازانی رووسیا

K24 - هەولێر

دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 280 هەزار گرێبەست بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە سوپای رووسیا واژۆ کراوە.

ئاژانسی "تاس"ی رووسی لە زاری مێدڤێدێڤەوە بڵاویکردەوە، کە بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگری، لە 1ـی یەنایەرەوە نزیکەی 280 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا وەرگیراون.

ساڵی رابردوو رووسیا پلانی زیادکردنی قەبارەی هێزە چەکدارەکانی بە رێژەی زیاتر لە 30% بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار چەکدار راگەیاند، ئەمەش ئەرکێکی قورستر بوو بەهۆی ئەو زیانە قورسانەی کە ئاشکرا نەکرابوو لەکاتی جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا.

هەندێک لە نوێنەرانی رووسیا ئاماژەیان بەوە کرد، کە مۆسکۆ پێویستی بە سوپایەکی پیشەیی 7 ملیۆن کەسی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکە، هەنگاوێک کە پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورە هەیە.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری رووسیا، لە مانگی ئەیلولی 2022 فەرمانی کرد 300 هەزار سەربازی یەدەگی ئامادە بکرێت، ئەمەش وایکرد سەدان هەزار کەس لە رووسیا هەڵبێن بۆ ئەوەی نەنێردرێنە شەڕەوە.

ھەواڵگریی بەریتانیا سەبارەت بە پێشھاتەکانی شەڕی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە، رووسیا لە رێگەی رێکلامەوە ھاوڵاتیانی وڵاتانی دراوسێ بانگ دەکات بۆ دامەزراندنیان لە ریزەکانی سوپادا بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا.

ئوموژەی بەوەشکرد، پێشنیاری 5,140 دۆلاری پێشەکی و بەمووچەی  1,973 دۆلاری مانگانەی بۆ ئەوکەسانە کردووە کە دێنە ریزی سوپاوە.