بە فەرمانی مەسرور بارزانی پەلە لە تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ دەکرێت
K24 - هەولێر
بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ئاوی ئاکرێ دەستپێدەکاتەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژە بەوە دەدات، "پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، ئاوی ئاکرێ و چەند شوێنێکی سنوورەکە دابین دەکات."
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەریی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوە و پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و پرۆژەکەی بەسەر کردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی بەشەکانی پرۆژەکەی بەسەر کردووەتەوە و بەدواداچوونی بۆ کارەکان و گرفتەکانی پرۆژەکەی کردووە.
پرۆژەی ئاوی ئاکرێ لە یەک کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی 300 مەتری سێجا ئاوی هەیە و گوژمەی گشتیی پرۆژەکەش، نزیکەی زیاتر لە 100 ملیار دینارە و گرفتی کەمئاوی لە ئاکرێ چارەسەر دەکات.
ساسان عەونی لە سەردانەکەیدا بۆ ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد: "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پەلە لە تەواوکردنی پڕۆژەکە دەکرێت و گرفتەکانی بهردهمی چارەسەر دەکرێن و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەکرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری ئاکرێ و چەند شوێنێکی تری سنووری ئاکرێ دابین دەکات".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لە پەرۆشی و جدییەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کردەوە و، وەکو خۆی گوتی، "سهرۆكی حكومهت دەیەوێت بەپەلە ئەو کارانەی ماون تەواو بکرێن و بخرێتە خزمەت دانیشتووانی ئاکرێ و دەوروبەری".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی ئاوی ئاکرێ بە "یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان" ناودەبات و دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات.
دوای تەواوبوونی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، وەکو ئەوەی ساسان عەونی باسی دەکات، "کاری ورد بۆ نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی شاری ئاکرێ دەکرێت".