دەزگای ئاسایشی رووسیا: شکستمان بە هەوڵێکی تیرۆریستی گەورە بۆسەر کریمیا هێنا

K24 – هەولێر:

دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا ئاشکرایکرد، شکستیان بەهەوڵێکی تیرۆریستی گەورە بۆسەر نیمچەدوورگەی کریمیا هێناوە.

لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا رایگەیاندووە، سیخوڕێکی ئۆکرانییان دەستگیرکردووە کە هەوڵیداوە هێڵی شەمەندەفەری پێکەوەبەستنی رووسیا و نیمچەدوورگەی کریمیا بتەقێنێتەوە، تۆمەتبارەکە سەرباری هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی هێڵی ئاسنی کریمیا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی بووە لەسەر بنەکەکانی سوپای رووسیا لەو نیمچە دوورگەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی دەستگیرکردنیدا تۆمەتبارە کە بۆمب و کەرەستەی تەقینەوەی پێبووە.

رۆژی (25ـی ئابی 2023) وەزارەتی بەرگری رووسیا لە تەلەگرام رایگەیاند، "نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر خاکی کۆماری کریمیا تێکشکینران. هاوکات 33 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەڕێگەی هێرشی ئەلیکترۆنی لەکارخران و بەبێ ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان کەوتنە خوارەوە".

سەرەڕای ئەم هێرشانە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیان زیادی کردووە و بە تایبەتی بۆ ناو پایتەختی رووسیا، کریملن دووپاتی دەکاتەوە، کە دۆخەکە هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی رووسیا دەکات.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، بەرگری دژە فڕۆکە و هەموو سیستمە پێویستەکانی پاراستن بە شێوەیەکی کاریگەر کاردەکەن، هاوکات پێسکۆڤ دانی بەوەدانا، کە هەمیشە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تووشی زیانی بچووک دەبن.

پێشتر میخائیل رازڤۆزایڤ، پارێزگاری سیڤاستۆپۆل رایگەیاندبوو، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەناری کریمیا "لە ناوچەی کیپ چێرسۆنێز" لە باشووری رۆژئاوای نیمچە دوورگەکە خراونەتە خوارەوە، کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە بەندەری سەرەکی سیڤاستۆپۆلەوە دوورە بۆ بەلەمی دەریای رەشی ڕووسیا.