یەکێتیی ئەوروپا: رووسیا بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی 250 ملیۆن کەس

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، رووسیا لە رێگەی بۆردوومانکردنی بەندەرەکانی ئۆکرانیا و رێگریکردن لە هەناردەی دانەوێڵە، بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی 250 ملیۆن کەس لە جیهاندا.
رۆژی هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023، چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بەر لە دەستپێکردنی لوتکەی گرووپی 20 لە هیندستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئابڕوبەرانەیە دوای ئەوەی رووسیا رێککەوتنی دەریای رەشی هەڵوەشاندەوە ئیستا رێگری لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا دەکات و بۆردوومانیان دەکات. پێویستە ئەمە بوەستێت".
وەکو ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا باسی دەکات، "بڕوام وایە وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە دەتوانن بیرکردنەوەیان بۆ بەرژوەندی مرۆڤایەتی بگۆڕن و کاری زیاتر بکەن".
بە گوتەی چارڵز میشێل، "رووسیا لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و خەڵك دەکوژێت و شارەکان وێران دەکات، زیاتر لە 250 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەرووی قەیرانی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بە پێویستی دەزانێت، ئەو کەشتییانەی دانەوێڵەیان بارکردووە رێرەوێکی سەلامەتیان لە دەریای رەش هەبێت.
چارڵز میشێل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئایا گرووپی 20 دەتوانێت کاری زیاتر بکات و بیرکردنەوەمان بۆ بەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتی بگۆڕین؟ بڕوام وایە دەتوانین."