سوپای ئۆکرانیا: زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیامان خستە خوارەوە

کیێڤ دوای رووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا
کیێڤ دوای رووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا

K24 - هەولێر

ئیدارەی سەربازی ناوچەی کیێڤ رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا ئەمڕۆ بەیانی زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسییان خستە خوارەوە، کە کیێڤیان کردبووە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکاندا یەک کەس برینداربووە.

سێرگی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا بە گروپ و لە ئاراستەی جیاوازەوە هێرشییان کردووەتە سەر کیێڤ، بەڵام هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا توانیان زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی مۆسکۆبخەنە خوارەوە".

دەشڵێت: بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان، شوقەیەک و چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوتووە و کەسێک بریندار بووە، بەڵام برینەکەی سەخت نیە.

راشیگەیاند، پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا خراوەتە خوارەوە، کەوتوونەتە سەر ناوچەکانی سڤیاتۆشینسکی، پۆدیلسکی و شێڤچێنکیڤسکی.

پۆپکۆ گوتیشی: پاشماوە بەسەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری شێڤچێنکیڤسکی ناوەڕاستی کیێڤ کەوتووە و هیچ بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاگرێک کە لەلایەن خاوەن بیناکەوە کوژێنراوەتەوە.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام رایگەیاند، لە ناحیەی سڤیاتۆشینسکی لە رۆژئاوای پایتەخت، بەهۆی پاشماوەکان ئاگر لە پارکی سۆڤکی کەوتەوە، کە یەکێکە لە پارکە گشتییە بەناوبانگەکانی شارەکە.