لیانید سلوتسکی بۆ کوردستان24: رووسیا نەیهێشت سووریا وەک لیبیا و عێراقی لێبێت

K24 – رووسیا:
لیانید سلوتسکی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی رووسیا، لەبارەی بارودۆخی سووریا وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـی داوە رایگەیاند، بۆ رووسیا ئاشتی و ئارامی لە سووریا گرنگە.
ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، لیانید سلوتسکی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی رووسیا، لەبارەی بارودۆخی سووریا وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە و رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە کێشەیە، هەروەها رووسیا نەیهێشت سووریا وەک لیبیا و عێراقی لێبێت.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی رووسیا، ئاماژەی بەوەشدا، لە سووریا دەیان کێشە ماون چارەسەربکرێن. لیانید سلوتسکی، دەڵێت: بۆ رووسیا ئاشتی و ئارامی لە سووریا گرنگە.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی رووسیا، گوتی: ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا دەکرێت.ناوبراو گوتیشی: كێشهكانی عهفرین و دێرەزوور لهسهر مێزی گفتوگۆ چارهسهر دهكرێن.
لیانید سلوتسکی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو کێشانەی لە ئیدلیب، مەنبەج، دێرەزوور و عەفرین هەن تەنها لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری یەکجارییان دەبینرێتەوە.
ناوبراو روونیکردەوە، ئێمە لە پرسی سوریادا داکۆکی لەسەر ئەم بابەتە دەکەینەوە، هەم لە جنێف هەم دیدار و کۆبوونەوەکانی دیكە لەسەر پرسی سووریا، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە پرۆسەی دەستووری لە سووریا کاری خۆی بکات.
دوای زیاتر لە هەفتەیەک شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبییەکان، دواجار شارۆچکەی زیبان لە سنوری دێرەزوور کۆنترۆڵکرایەوە، کە بەدوا قەڵای چەکدارانی هۆزە عەرەبییەکان ئەژمار دەکرا، کوردستان 24 پرسی ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی رۆژئاوای کوردستانی گەیاندە پەرلەمانی رووسیا و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ کوردستان 24 ئەوەی خستەروو کە، "ناتوانم گەرەنتی بدەم کە ئەم کێشانە لە داهاتووی نزیکدا کۆتاییان دێت".