گەرمیان.. ئاوارە عەرەبەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان

K24 – گەرمیان:

لەسنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 23 هەزار ئاوارەی عەرەبی شەڕی داعش ماون و ئامادەنیین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوان بەهۆی ترسیان لە میلیشیا چەکدارەکان و نەبوونی هەلی کار و وێرانکردنی خانووەکانیان ناتوانن  بگەڕێنەوە.

ئەبوسەلام، ئاوارە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو ملیۆن و 500 هەزارە کە حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە پێمانبدات کێشەکانمان چارەسەر ناکات، من بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکەم پێویستم بە 25 ملیۆن دینار هەیە، خانووەکەم بە تەواوی رووخاوە و بارودۆخمان تێکچووە و دۆخی ئەمنی ناسەقامگیرە، لێرە زۆر ئاسودەم و نامەوێ بگەڕێمەوە".

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، کە هەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی بڕی ملیۆنەک و 500 هەزاری پێدەدرێت وەک قەرەبووکردنەوە.

لەسنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر 23 هەزار ئاوارە ماون، حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و هەردوو قایمقامییەتی کەلار و کفری بەردەوامە لەهاوکاریکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستی، پەروەردەییەکان و ژینگەیەکی ئارام.

لەلایەن خۆیەوە، شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری بە کوردستان24ـی گوت، جگە لەو ئاوارانەی کە وەکو ئاوارەی عەرەب لە سنوورەکە، بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق هاتوون، هەروەها لەهەردوو پارێزگای سەڵاحەددین و دیالەش خەڵکێک هەیە وەک ناوچەیەکی ئارام و پەناگەیک روویکردووەتە ئەو دەڤەرەی ئێمە، ئێمەش وەک قەزای کفری ژمارەیەک لەو ئاوارانەمان هەیە کە وەکو کەمپێکی بچووک لە قەزای کفریدا هەن، تا ئێستا سوپاس بۆ خوا بە هاوکاری هەموو فەرمانگە پەیوەدنیدارەکان، توانیومانە وەک پێویست ئێمەش هاوکاریانبین لە دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و کۆمەڵێک پێداویستی دیکە.

ئەو ئاوارانەی کەنایانەویت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان دەڵێن، جیا لە تاڵانکردن ماڵەکانیان و رووخاندنی خانوەکانیان  ژیانیانیش دەکەوێتە بەر رەحمی گرووپە چەکدارە میلیشیاکان و هەرکات بیانەوێت تیرۆریان دەکەن کەسیش ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.