بەریتانیا گرووپی ڤاگنەری وەک تیرۆریست ناساند

K24 – بەریتانیا:
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بە پشت بەستن بە بڕیارەکەی 6ـی ئەم مانگەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بۆ قەدەغەکردنی گرووپی ڤاگنەر، بڕیاریانداوە ئەو گرووپە وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەر شتێک پەیوەندی بە گروپی سەربازی ڤاگنەرەوە هەبێت یان هاوکاری ئەو گروپە بکات وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سزای 14 ساڵ بەندی بەسەردا دەسەپێندرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو سوەیلە برێڤەرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڤاگنەری وەک داردەستی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا ناوبرد.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا هاتووە، تا ئێستا 79 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 14 رێکخراوی ئیرلەندای باکوور لە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیدان، هەروەها ساڵی رابردوو 56 کەس بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو رێکخراوانە سزادراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە بەریتانیا، وڵاتی بەریتانیا زۆر بە ئاشکرا پاڵپشتی لە ئۆکرانیا دەکات، زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر داوایکردبوو گرووپی ڤاگنەر وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێت و بەریتانیاش ئەو کارەی ئەنجامدا، هەروەها ئەندامانی گرووپی ڤاگنەریش بەریتانیا سزای بەسەردا سەپاندوون.
پەیامنێری کوردستان24، باسی لەوەشکرد، بەریتانیا بەو بڕیارە دەیەوێت بە رووسیا بڵێت،" ئێمە تا دواخولەکی جەنگ پاڵپشتی لە ئۆکرانیا دەکەین"، هەروەها بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کوردوویەتی دەڵیت:" لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە گرووپێکی وەحشیگەرییە و بەم شێوەش خەڵک دەکووژن، بۆیە ئەم بڕیارەمان دا"، هەروەها ئەم
لە ساڵی 2014ەوە ڤاگنەر لە زۆرێک لە ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا بەشداربووە، بەتایبەتی لە سووریا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا.
لێکۆڵینەوەیەکی "بی بی سی" لە گروپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەکردووە، دیمیتری ئوتکین ئەفسەری پێشووی سوپای رووسیای تەمەن 51 ساڵ، پێدەچێت ئەو کۆمپانیای "ڤاگنەر"ی دامەزراندبێت.
گرووپی ڤاگنەر بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکەن لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبەن.
هەروەها سەرکردەی گروپی ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژین بوو، لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.
رۆژی چوارشەممەی (23 ئابی 2023) ئاژانسی ھەواڵی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و لەنێویاندا یەڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری تێدایە.
هەروەها رۆژی سێشهممه(29ـی ئابی 2023) پریگۆژین له مهراسیمێكی تایبهتدا له گۆڕستانی پرۆخۆڤسكۆی له دهوروبهری سانپیترسبێرگ نێژرا.