زێلێنسکی سەردانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ بایدنیش کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە، بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، سەردانەکەی زێلێنسکی لە پاش بەشداریکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەنجام دەدرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، زێلێنسکی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.
لە ئێستادا لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا هاوکاریی زیادە بەبڕی 21 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و بووەتە بابەتی مشتومڕ.
هەندێک لە کۆماریخوازەکانی ناو کۆنگرێس بەپێویستی دەزانن کۆتایی بهێندرێت بە هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە بوودجەی فیدراڵیدا بکرێت.
لە کانوونی یەکەمی 2022دا، زێلێنسکی سەردانی واشنتۆنی کرد و لە کۆنگرێس گوتاری پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکرێن بەخشیش نیین، بەڵکو وەبەرهێنانە لە ئاسایشی جیهانیی و دیموکراسییدا.