وەزیری بەرگری رووسیا پێشوازی لە سەرۆکی کۆریای باکوور کرد

K24 - هەولێر
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی رووسیا، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور گەیشتە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی رووسیا، لەوێ لەلایەن سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا پێشوازی لێکرا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، کیم سەرسامی خۆی دەربڕییووە بۆ ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە تەکنەلۆژیای فڕۆکەوانی رووسیادا بەدی دەکرێت،هەروەها پێشکەوتنەکە هەڕەشە دەرەکییە ئەگەرییەکانی تێپەڕاندووە.
رۆژی هەینی، کیم لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆرووسیا، سەردانی کارگەیەکی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیای کرد کە کەوتۆتە ژێر سزاکانی رۆژئاواوە.
ڤلادیمێر پوتن و کیم، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، پرسی سەربازی و شەڕی ئۆکرانیا و قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانیان تاوتوێ کرد.
کیم لە کۆگاکانی کۆکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان چاوی بە فڕۆکەوانە تاقیکارییەکان کەوت و سواری فڕۆکەیەکی جۆری سو-57 بوو، بۆ گوێگرتن لە روونکردنەوەیەکی ورد لەسەر تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان و ئەدای فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم.
سواری فڕۆکەیەکی بەرهەم هێنراوی کارگە بوو بۆ ئەوەی کاراییەکەی بزانێت و سەیری فڕینی تاقیکاری فڕۆکەیەکی جەنگی سو-35ـی کرد.
کرێملین رایگەیاند، لە سەردانەکەی کیم بۆ رووسیا،ئەو دوو وڵاتە هیچ رێککەوتنێکیان لەسەر بابەتە سەربازییەکان یان هیچ بوارێکی دیکەدا واژۆ نەکردووە.
کۆریای باشوور و ئەمەریکا رایانگەیاند، هاوکاری سەربازیی نێوان کۆریای باکوور و رووسیا پێشێلکردنی سزاکانی سەر پیۆنگیانگی نەتەوە یەکگرتووەکانە.