((خۆپیشاندانی كوردانی كەركووك ماڵی كوردی یەكخست))

Kurd24

هه‌روه‌كو چۆن له‌رابردوودا ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی (ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێو ده‌وله‌تی) به‌رهه‌می یه‌كرێزی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم بوونه‌ ، له‌هه‌مان كاتیشدا خیلافات و لیكترازانی لایه‌نه‌كان هه‌موو كات كورد لێی زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌ ، ئەگەر  تۆزێك بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو دەبینین به‌درێژایی مێژوویی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكاندا خالی به‌هێز و مانه‌وه‌ی پێگه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كیانی سیاسی هه‌رێم بووه‌ ، بۆ نموونه‌ له‌كاتی هه‌لگیرسانی شۆرشی ئه‌یلولی (1961) كورد یه‌كریزبوون و له‌ژیر یه‌ك سه‌ركرده‌ بوون ، ده‌بینین ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ و گرنگ به‌ده‌ست بهینن هه‌ر له‌ رزگاركردنی گه‌لی ناوچه‌ی كوردستانی و ناچاربوونی رژێمی عیراق كه‌ دیالۆگ له‌گه‌ل سه‌ركردایه‌تی شۆرش بكات و دان به‌ مافه‌كان بنێت.

هه‌روه‌ها له‌سالی (1991) دروستبوونی (به‌ره‌ی كوردستانی) هه‌موو حزبه‌كان توانیان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو ناوچه‌ كوردستانیه‌كان ئازاد بكه‌ن به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ ، كه‌به‌سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی دامه‌زراندنی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت.

له‌پاش پرۆسه‌ی ئازادی عیراق سالی (2003) له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ و دامه‌زراندنی (ئه‌نجوومه‌نی حكوم) و نووسینه‌وه‌ی (یاسای ئیداره‌ی ده‌وله‌ت 2004 و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق) كه‌ حزبه‌ كوردستانیه‌كان به‌ یه‌كرێزی خۆیان توانیان زۆرترین ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش به‌ده‌ستووری بكه‌ن.

له‌هه‌لبژاردنه‌كانی سالی (2005)ی په‌رله‌مانی عیراقی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان یه‌ك لیستیان له‌ژێر ناوی (هاوپه‌یمانی كوردستان) پێكهێنا و گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا و گه‌لی پۆستی گرنگ و هه‌ستیاری حكومه‌تی عیراقیان وه‌رگرت له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ (سه‌رۆككۆماری عیراق) ئه‌مه‌ش له‌ده‌رئه‌نجامی یه‌كرێزی بوو، دەیان نموونەی تر هەن كە بەرهەمی یەكرێزی هەموو گەلی كوررد پێی حەسایتەوە.

لەسەر وبەندی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركوك لەلایەن عەرەبە شۆڤینیەكان و گروپەكانی نزیك لەحەشد ڕێگرییان لەگەڕانەوەی پارتی و وەرگرتنەوەی بارەگاكانیان كرد و هەوڵی ئیستفزازكردنی كوردستانیانی ئەو شارەیان دا، هەربۆیە كەركوكیەكان بەهەموو لایەنە جیاوازەكانەوە كوردایەتی خۆیان سەلماند بەداخەوە كە قوربانی یان لەم پێناوە دا بەلام پەیامێكی گرنگییان دا بەهەموو لایەنە سیاسیەكانی كورد ئەوەی دەگوزەری لەعیراق سڕینەوە و لەناوبردنی كوردە چ بەگەمارۆی ئابووری بێت كە بڕینی بودجە و مووچەی لێكەوتەوە و هەروەها گردبوونەوەی سەربازی لەم ناوچانە دژی كوردان و فشاریان خستە سەر كوردستانیانی ئەم شارە و هەموو شارەكانی تر ئەمە وێڕای فشاری سیاسی وولاتانی هەرێمی و ناوخۆیی كە دەیان بۆمب لەبەردەم قەوارەی هەرێم دانرابوو، بەڵام خۆپیشاندانی كورد وای لەدەسەلاتدارانی عیراق كرد كە زوو بخەنە خۆیان و ئەو عەسكەرتاییەی لەسەر كەركووك و بارودۆخە ناهەموارە كۆتایی پێ بهێنن،

لەلایەكی تریشەوە پەیامێك درا بەهەموو لایەنە سیاسیەكانی كورد كە پێویستە ململانێیەكان وەلابنرێت و یەكڕێزبن لەپێناو مانەوەی ئەو گەلە زیندووە، كەواتە خۆپیشاندێكی كوردان چۆكی بەهێزە نەیارەكانی كوردی دا و ئەوەش بووە ئیلهامێك بۆ هەموو لایەنەكان كە هێز لەیەكگرتن دایە.

ئەوەی ئەمڕۆ لەبەغدا بینرا هەموو لایەنەكان چ لەحكومەتی هەرێم و چ لەفراكسیۆنی پەرلەمانی یەك ڕەنگ و یەك دەست بوون و عەرابی ئەم یەكرێزییەش دەگەڕێتەوە بۆ لێبووردەیی و حەكیمایەتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی كەلەم ڕێگەیەوە توانرا بەیەكرێزی لایەنەكان دەیان بۆمب پوچەڵ بكرێتەوە لەبەردەم هەرێم و قەوارەكەی لەئێستادا.

هەربۆیە كارتی بەهێزی كورد لەڕابردوو و ئێستا و داهاتووش تەنها یەكڕێزی ماڵی كوردانە تاوەكو گەلی كورد بگاتە كەناری ئارام، كەواتە میللەت لەگەڵ یەكریزی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە و پێویستە هەموو كات سیاسییەكان بەرەو ئەم داخوازییەی گەل ئاڕاستە بكرێن، بەردەوامبوونی یەكبوونی گوتار و هەلویستەكان سەركەوتنی زیاتری بەدواوەیە...

ماسته‌ر له‌ جوگرافیای سیاسی و ناوچه‌ دابریندراوه‌كان

قوتابی دکتۆرا لە جوگرافیاى سیاسی