ئانچیلۆتی: باشترین پێكهاتهم بۆ یارییهكهی سبهی ئامادهیه
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید بە گاڵتەوە دەڵێت: ڤینیسیۆس بەهۆی بەربژێر نەکرانی بۆ خەڵاتی زە بێست گریاوە، دەشڵیت ڤینی زووتر لە وادەی دیاریکراو دەگەڕێتەوە یاریکردن، دەشڵێت بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر سۆسیداد بە باشترین پێکهاتەی یاریی دەکات.
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنهری ریال مهدرید پێش یارییهكهی سبهیان له لالیگا بهرامبهر ریال سوسیداد بهشداریی له پرێس كۆنفرانسێك كرد و رایگهیاند باشترین پێكهاته بۆ یارییهكهی سبهی ئاماده دهكات.
ئانچیلۆتی گوتیشی: دوای یاریییە نێودەوڵەتییەکان سەرجەم یاریزانەکان گەڕانەوە و لە دۆخێکی باشن و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یارییەکانی یانەکەیانن.
ئانچیلۆتی ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد جود بێڵینگهام سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە، ئەو بەباشی راهێنانهكانی دهكات و شایەنی دەستخۆشیە.
لەبارەی ڤینیسیۆسەوە ئانچیلۆتی هێمای بۆ ئهوه كرد بە دیاریکراوی نازانێت ئەم یاریزانە کەی دەگەڕێتەوە، دهشڵێت: بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە راهێنان بکاتەوە، بەڵام تا ١٠٠٪ ئامادە نەبێت یاریی پێناکەین و مەترسی لەسەر دروست ناکەین، پێموایە زووتر لەو شەش هەفتەیەی بۆی دیاریکرا بوو دەگەڕێتەوە.
ئانچیلۆتی به گاڵتهوه گوتی: ڤینسیۆس بەهۆی بەربژێر نەکرانی لە ژووری جلگۆڕین گریاوە، ئەو زۆر خەمبارە و سێ بۆ چوار کاتژمێر گریا و نەمانتوانی لە گریان بیوەستێنین، بێگومان بە گاڵتە ئەو قسەیە دەکەم، ههروهها مێندی هێشتا ئامادە نییە، دەمانەوێت ئەو کاتەی تەواو ئامادە دەبێت یاریی پێبکەین، پێموایە بۆ یارییەکەی بەرامبەر یۆنیەن بەرلین ئامادە دەبێت، سیبایۆسیش ئامادەیە بۆ یاریکردن.
ئانچیلۆتی گوتیشی: بۆ ئەم یارییە پشت بە باشترین پێکاتە دەبەستم چونکە یارییەکی گرنگە، بەڵام هەندێکجار بەهۆی زۆری یارییەکان گۆڕانکاری دەکەم، جارێ هیچ نازانم لەسەر ئەوەی بەسەر یاریزانانی ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید هاتووە، پێویستە چاوەڕێی بەیاننامەی فەرمی یانە بکەین.
ئانچیلۆتی دهشڵێت: رائول گۆنزالێز رۆژانە لەگەڵ ئێمەیە ئەوە شتێکی زۆر سرووشتیە، چونکە ئێمە پێویستمان بە یاریزانی زیاتری کاستیایە، لەبارەی داهاتوو قسەم لەگەڵی نەکردووە، ئەمڕۆش لەبەر ئەوە ئامادەبوو، چونکە چەند یاریزانێکی هەیە بۆ یاریی دێربی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید بانگهێشتیان دەکەین.